دواین هەواڵ

جیهان‌

 پێش 2 هەفتە

وەزیری دەرەوەی ئێران: هەڵسوکەوتی ئیسرائیل گرژییەکانی ناوچەکە زیاتر دەکات

هەرێم نیوز
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پێش و دوای ئۆپەراسیۆنەکەی ئێران، پەیامەکان بۆ ئەمەریکا نێردراوە، بەتایبەتی لە ڕێگەی باڵیۆزخانەی سویسرا لە تاران، دەشڵێت، ئەوەی کە دەتوانێت گرژییەکانی ناوچەکە زیاتر بکات، هەڵسوکەوتی ئیسرائیلە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی چەندین پەیامی بۆ ئەمەریکا ناردووە، کە تاران هەوڵ نادات گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ ئیسرائیل فراوانتر بکات.

راشیگەیاند، ئەوەی کە دەتوانێت گرژییەکانی ناوچەکە زیاتر بکات، هەڵسوکەوتی ئیسرائیلە.

عەبدوڵڵاهیان جەختی لەوە کردەوە، "پێش و دوای ئۆپەراسیۆنەکە پەیامەکان بۆ ئەمەریکا نێردراوە، بەتایبەتی لە ڕێگەی باڵیۆزخانەی سویسرا لە تاران، کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا دەکات لە ئێران، ئامانجیش ئەوەیە تێگەیشتنێکی دروست هەبێت لە کارەکانی تاران".

وتیشی، "ئێمە بەڕوونی ئەمەریکییەکانمان ئاگادارکردەوە کە بڕیارەکە بۆ وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بووە"، دوای ئەو هێرشەی کە لە 1ـی نیساندا کردییە سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵمانداوە لەم پەیامانەدا بۆ ئەمەریکا ڕوون بکەینەوە، کە هەوڵی فراوانکردنی گرژییەکانی ناوچەکە نادەین.

ئەمەش لەکاتێکدایە، درەنگانی شەوی شەممە، 13-04-2024، نزیکەی کاتژمێر 11:00، سوپای پاسدارانی ئێران بە دەیان مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشەکەی بۆ سەر ئیسرائیل دەست پێکرد. ئەم هێرشەی تاران لە وەڵامی کوژرانی حەوت ئەندامەکەی سوپای پاسدارانە کە لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەکەی لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کوژران.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP