دواین هەواڵ

عێراق‌

 پێش 1 هەفتە

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی سەرۆک کۆماری تورکیا و عێراق بڵاوکرایەوە

هەرێم نیوز

سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند، عێراق ڕەتیدەکاتەوە خاکی عێراق ببێتە شوێنێک بۆ دەستدرێژی یان هەڕەشەکردن بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ و پێویسته‌ رێز له‌ سه‌روه‌ری وڵاتان بگیردرێت، دەشڵێت، گرنگه‌ گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردو وڵات په‌سه‌ندبكرێت.

سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كردوه‌، ئەمڕۆ دوشەممە لە کۆشکی بەغدا د. عه‌بدوللـه‌تیف ره‌شید و هاوتا تورکیەکەی گفتوگۆی دو قۆڵییان ئەنجامدا کە تیایدا باس لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردو وڵات و میکانیزمەکانی پەرەپێدانی هاوکارییەکان لە بوارە جیاجیاکاندا كرا، جه‌ختكرایه‌وه‌ لەسەر پێویستی هەماهەنگی و کاری هاوبەش بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەری جێگەی ڕەزامەندی بۆ پرسەکانی پەیوەست بە ئاسایش، ئابوری و ئاو، بە شێوەیەک کە خزمەت بە خواستەکانی گەلانی دراوسێی عێراق و تورکیا بکات.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، لە میانی دیدارەکەدا هەردو سەرۆک جەختیان لە گرنگی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی سنورەکان و ڕوبەڕوبونەوەی ئاستەنگەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و ژینگە و قەیرانی ئاو و سود وەرگرتن لە شارەزایی و ئەزمونی تورکیا لەو بوارەدا کردەوە.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، جەخت لەوە کرایەوە کە "دەبێت دەستدرێژی بۆ سەر غەززە بوەستێنرێت، هەروەها پشتیوانی لە گەلی برای فەڵەستین بکرێت لە گەیشتن بە مافە ڕەواکانی، هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرا هەوڵەکانی چڕتر بکاتەوە بۆ زیادکردنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ فەڵەستینییەکان لە غەززە و کارکردن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کۆتایی بۆ پرسی فەڵەستین بۆ دامەزراندنی ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی".

سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق ده‌ڵێت، هەروەها لە کۆبونەوە دوقۆڵیه‌كه‌دا باس لە دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و گرنگی کەمکردنەوەی گرژییەکان و وەستاندنی پەرەسەندنی بەردەوام و پەسەندکردنی لێکتێگەیشتن و دیالۆگی بنیاتنەر لە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان وڵاتانی ناوچەکە کرا.

ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕو، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا تیشک خرایە سەر پرسە سیاسی، ئەمنی و ئابورییەکان، پەیوەندییە دوقۆڵییەکانی نێوان هەردو وڵات، ڕێگاکانی بەرزکردنەوەی ئاستی بازرگانی نێوان بازرگانی، هاندانی دەرفەتی وەبەرهێنان و پرسی ئاو.

سه‌رۆك كۆماری عێراق جەختی لەوە کردەوە کە "عێراق چاوی لە پەیوەندییە جیاوازەکانە لەگەڵ تورکیای دراوسێی خۆی لە ئاستە جیاجیاکاندا، هاوکات ئاره‌زو دەکات پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی برا و دۆست دابمەزرێنێت، کە خزمەت بە بەرژەوەندی هاوبەش لە بوارەکانی مێژویی، ئابوری، بازرگانی و کولتوریدا بکات"، جەختیشی کردەوە گرنگه‌ گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردو وڵات په‌سه‌ندبكرێت.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، د. عه‌بدوللـه‌تیف ره‌شید  تیشکی خستە سەر گرنگی کردەوەی هاوبەش و هەماهەنگی بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و دەستەبەرکردنی ئاسایشی هاوبەشی هەردو وڵات و ناوچەکە، ئاماژەی بەوەدا کە "عێراق ڕەتیدەکاتەوە خاکی عێراق ببێتە شوێنێک بۆ دەستدرێژی یان هەڕەشەکردن بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ و پێویسته‌ رێز له‌ سه‌روه‌ری وڵاتان بگیردرێت".

په‌یوه‌ست به‌ دۆسیه‌ی ئاو، سه‌رۆك كۆماری عێراق وتویه‌تی، عێراق به‌ ده‌ست قه‌یرانی كه‌مئاوییه‌وه‌ دەناڵێنێت لە ئەنجامی کەمبونەوەی ئاو لە ڕوبارەکانی دیجلە و فورات و کاریگەرییەکانی لەسەر هەمو چالاکییەکانی ژیان، جەختی لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی ئه‌و كێشه‌یه‌ كرده‌وه‌.

سەرۆک کۆماری کۆمار هه‌روه‌ها باسی گرنگی دەستپێکردنەوەی کاری لیژنە هاوبەشەکان و چالاککردنی بڕگەکانی ڕێککەوتننامە و یاداشتە لێکتێگەیشتنەکان بۆ پتەوکردنی پەیوەندیی دۆستەیی و هاوکاری کرد.

په‌یوه‌ست به‌ رێگه‌ی گه‌شه‌پێدان، د. عه‌بدولله‌تیف وتی، "عێراق ئاره‌زو دەکات پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان تەواو بکات کە وڵاتانی کەنداو لە ڕێگەی تورکیاوە بە ئەوروپا دەبەستێتەوە، کە داهاتێکی گەورەی ئابوری دەبێت و ئاڵوگۆڕی بازرگانی فراوانتر دەبێت".

لە بەرامبەردا سەرۆک کۆماری تورکیا خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی عێراق دەربڕی جەختی لە گرنگی پەیوەندییەکانی نێوان هەردو وڵات و پێویستی پەرەپێدانیان کرد بۆ ئەوەی بوارە جیاجیاکان لەخۆ بگرن، ئاماژەشی بۆ ئەوە کرد کە "تورکیا لە شەڕی دژ بە تیرۆر و لە ڕوبەڕوبونەوەی ئاستەنگە ئەمنیی و ژینگە و ئابورییەکاندا هاوشانی عێراق دەوەستێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، هەردو وڵات پەیوەندییان بە یەکەوە هەیە بە پەیوەندییە دیارەکان لە بوارە جیاجیاکاندا، کە خزمەت بە هاوکاری و هەماهەنگی هاوبەش دەکات و سود بە هەردو گەلی عێراق و تورکیا دەگەیەنێت.

سەرۆک کۆماری تورکیا تێگەیشتنی وڵاتەکەی بۆ پێداویستییەکانی ئاوی عێراق دەربڕی، هەروەها پەرۆشی خۆی بۆ هاوکاریکردن لەم بوارەدا و لەڕێگەی لیژنە هاوبەشەکانی نێوان هەردو وڵاتەوە راگه‌یاند، ئاماژەی بەوەدا کە "عێراق ناوەندێکی گرنگی بازرگانییه‌ بۆ تورکیا، هەروەها گونجاوە میکانیزمی بازرگانی بۆ تورکیا دابڕێژرێت و هاوکاری ئابوری بكات".

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان رونیشیكرده‌وه‌، پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان بۆ وڵاتانی ناوچەکە و هەردو وڵاتیش گرنگە، تورکیاش بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتییەکانی بۆ عێراق بەمەبەستی تەواوکردنی پڕۆژەکە بە خێرایی و گەیشتن بە ئامانجە ئابوری و گەشەپێدانەکانی بۆ گەلانی ناوچەکە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP