هەرێم نیوز
وا بڕیارە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە رۆژى 11ـى تشرینى دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت و تیایدا ژمارەیەکى زۆر لە هاوپەیمانى و پارت و لایەنى سیاسی و تەنانەت کاندیدی سەربەخۆش بەشداریی تێدا بکەن، سەرەڕای ئەوەش سودانى رایگەیاند کە بەشداریی دەکات و میدیاکانیش جەخت لەوە دەکەنەوە شانسى بردنەوەى زۆرە و بەوەش ئاوکراوەتە ژێر نوری مالیکی کە دەمێکە کاری بۆ دەکات و لە شانسی ئەویش رۆڵی ئێران لە عێراق و ناوچەکە بەرەو لاوازیی رۆشتووە.
یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان ناخاوێنى لیستى تۆماری دەنگدەران بووە و بۆ ئەو مەبەستەش چەند جارێک هەوڵدراوە کێشەکە کەم بکرێتەوە بەڵام سەرکەوتوو نەبوون، لە دواى لێدوانیدا بۆ رۆژنامەى -مەدا- حازم ردێنى سەرۆکی ناوەندی ستراتیژیی مافەکانى مرۆڤ لە عێراق رایگەیاند ژمارەی دەنگدەرانى عێراق لە دواى ئەوەى لەدایکبووانی 2007 تۆماردەکرێن دەگاتە 29 ملیۆن و 118 هەزار کەس بەڵام تا ئێستا نزیکەى 20 ملیۆن کەس بایۆمەترییان بۆکراوە .
بە گوێرەى یاساى ژمارە 4ـى ساڵی 2023 ـى پەرلەمان و ئەو کێشەیەى هاتووەتە پێشەوە بۆ هەلبژاردنی ئەمجارە پەیوەندیی بە تۆماری بایۆمەتریی دەنگدەرانەوە هەیە، وەک سەرچاوەکان ئاماژەى پێدەکەن لە هەڵبژادنی 11ـ 11- 2025 دا نزیکەى نۆ ملیۆن کەس بێبەش دەبن لە مافى دەنگدان.
ئەوە لە کاتێکدا کۆمیسیۆنی باڵاى هەڵبژاردنەکان ماوەیەک پێش ئێستا بڵاویکردەوە ،دەرگاى نوێکردنەوەى کارتى بایۆمەتریی لە رۆژی 25ـى ئازارەوە دەکرێتەوە بۆ ماوەی مانگێک و ماوەکەشی تەنها پێنج رۆژى ماوە، بەشێک لە شارەزایان باس لەوە دەکەن دەبێت کۆمیسیۆن ئەو ماوەیە درێژتر بکاتەوە یان ئەوەیە ئەو نۆ ملیۆن کەسە لە هەڵبژادنى 11ـى تشرینى دووەمی ئەمساڵدا مافى دەنگدانیان نابێت.