دواین هەواڵ

عێراق‌

 3 رۆژ پێش ئێستا

کۆمسیۆنی باڵا: تا ئێستا هیچ هاوپەیمانێتییەکی نوێ تۆمار نەکراوە

هەرێم نیوز
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەڵێت، تا ئێستا هیچ هاوپەیمانێتییەکی نوێ تۆمار نەکراوە.

 یەکشەممە 27ـی نیسانی 2025، عیماد جه‌میل، سه‌رۆكی تیمی ڕاگه‌یاندن له‌ كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقی ڕاگەیاند: لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا 64 هاوپەیمانێتی تۆمار کرابوون، بەڵام تا ئێستا هیچ هاوپەیمانێتییەکی نوێ تۆمار نەکراوە و کۆمیسیۆن بەردەوامە لە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران و سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، ڕەنگە هەندێک لە هاوپەیمانێتییەکان گۆڕانکاریان بەسەردا بێت، کە ئەمەش پێویستی بە نوێکردنەوەی داتاکانیان هەیە.

لەبارەی ژمارەی حزبەکانیش، عیماد جه‌میل ئاشکراشیکرد: ژمارەی ئەو حزبانەی کە ڕێگەپێدراون بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن 314 حزبە، بەڵام لەو ژمارەیەش تا ئێستا 70ـیان بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردن خۆیان لە کۆمیسیۆن تۆمار کردووە.

دووپاتی کردەوە، کۆمیسیۆن درێژترین ماوەی داناوە بۆ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، بە ئامانجی ڕەخساندنی دەرفەت بۆ سەرجەم هاووڵاتییان بۆ نوێکردنەوەی زانیارییەکانیان.
دەشڵێت، ستافی کۆمیسیۆن تەنانەت لە ڕۆژانی پشووشدا بەردەوام دەبن لە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، هەروەها لە ڕۆژانی داهاتوودا کارەکانی پرۆسەی نوێکردنەوەکە خێراتر دەکرێن.

چوارشەممە، 9ـی نیسانی 2025، نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بڵاوی کردەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بە زۆرینەی دەنگ، 11ـی تشرینی دووەمی 2025ـی وەکوو ڕۆژی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دیاریی کرد.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP