دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 15 کاتژمێر پێش ئێستا

رۆڵی ژنان و ئافرەتان لەنێو کایە سەربازییەکانى وڵاتانى عەرەبیدا

هەرێم نیوز

بەشداریکردنى ژنان لەنێو کایە سەربازییەکاندا لە هەندێک لە وڵاتان یەکلایی کراوەتەوە و لە هەندێکى دیکەدا هێشتا مایەى مشتومڕە، هەندێکی دیکەیان بەشدارییان پێدەکەن، بەڵام لە سنورێکى دیاریکراودا، لە هەنگاوێکى نوێدا وڵاتى کوەیت بڕیاریداوە خۆبەخشانە ژنان لە ڕیزی سوپاى وڵاتەکەیدا وەربگرێت.

سەرۆکایەتى ئەرکانى سوپاى کوەیت بڵاویکردەوە لە رۆژى یەکشەممەوە ژنانى هەڵگری بڕوانامەى 11ـى ئامادەیی و هەندێکى دیکە لە بڕوانامەکان دەتوانن لەڕێگەى وێبسایتێکی تایبەتەوە ناوى خۆیان تۆماربکەن و وادەکەشى تەنها سێ رۆژە و ئەوانەیان پەسەند دەکرێن بۆ ماوەى سێ مانگ مەشق و راهێنانیان پێدەکرێت.

بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەى ئەلجەریدە بەشداریکردنى ژنانى کوەیت لە ریزی سوپاى وڵاتەکەدا دەگەڕێتەوە بۆ بڕیارێکى وەزیری پێشووى ئەو وڵاتە مانگی ئۆکتۆبەرى 2021  کە ئەوکات ناکۆکی و قسەوباسی زۆری بەدواى خۆیدا هێنا، لیواى فرۆکەوان سەباح جابر سوپا سالاری کوەیت ماوەیەک پێش لە ئێستا رایگەیاند هەموو رێککارە یاسایی و سەربازیی و رێکخستنەکان تەواوکراون و پێویستە ژنانى کوەیتیش رۆڵیان هەبێت لە سوپاى وڵاتەکەیاندا.

لێرەدا بە کورتى ئاماژە بەچۆنیەتى بەشداریکردنى سەربازیی ژنان دەکەین لە وڵاتانى عەرەبیدا و بە گوزەرێکى خێرا ئاشناتان دەکەین:

وڵاتى ئوردن لە ساڵی 1950 ـەوە ژنانى بەشداریی پێکردووە لەنێو بوارى سەربازییدا، بەڵام رۆڵەکەیانى قەتیسکردووە لە پەرستاریی، فێرکردن و کارگێڕییدا، هەر بۆ ئەوەمەبەستە لە نێو هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیدا ژمارەیەم لە ژنانى ئەم وڵاتە بەشداریی جەنگی ئەفغانستانیان کردووە لە ساڵی 2010 دا، لە 2019 ـەشەوە بە فەرمی رایانگەیاندووە جیاوازیی لە نێوان ژنان و پیاوان ناکەن لەو بوارەدا.

لە ئیماراتى عەرەبیش خۆبەخشانە ژنان بەشداریی دەکەن و هیچ رێگرییەک نییە، بەڵام لەو بوارانەى کە لە پێشەوە ئاماژەیان پێکراو تەنها ئەوەی جیاوازە دەبێت رەزامەندی -وەلى ئەمری- سەرپەرشتیارانیان هەبێت، لە ئیمارات لە ساڵی 1990 ـەوە ژنان لەنێو کایەی سەربازیدان.

هەرچى وڵاتى بەحرەینیشە سێ دەیەیە لە بوارى پزیشکى و فێرکردن و بەڕێوەبردنى کارگێڕیی دا لە بوارى سەربازیدا کاردەکەن، لەساڵی 2009ـدا دوو خانمی بەحرەینی پلەى سەربازیی روکنیان وەرگرت و لە هەمان کاتیشدا ئەکادیمیاى پادشایەتى کراوەتەوەو بەردەوام کچانى ئەو وڵاتە بڕوانامەى تێدا وەردەگرن.
لە تونسیش ژنان ماوەیەکی زۆرە لە بوارى سەربازییدا رۆڵی سەرەکییان هەبووە، فەرماندەى زیاتر لە 40 بەلەمی گەورەى و بچووکی ژنن، رۆڵیان هەیە لە کۆنترۆڵکردنى سنوورە ئاوییەکانى وڵاتەکەیاندا بەتایبەتى لە بوارى کۆچی نایاساییدا.

هەرچى وڵاتى جەزائیریشە لە ساڵی 1978 ـەوە رێگەى داوە بە ژنان رۆڵی سەربازیی بگێڕن و چەندین ژنیان هەبووە پلەى باڵای سەربازیی بەدەستهێناوە، بەڵام لە عەرەبستانى سعودییە لە بوارى خزمەتگوزرارى و نێو فرۆکەخانە و بابەتە کارگوزاریی و پەرستارییەکاندا رێگە بە ژنان دەدەن.

لە سوریا لە دواى 2011 و بەهاری عەرەبییەوە کەتیبەیەکى سەربازیی ژنان دامەزراوە کە ژماریان 800 ژن بووە، بەڵام لە دواى هاتنە سەرکاریی ئەحمەد شەرع ئەو کەتیبەیە هەڵوەشاوەتەوە و هێشتا نازانرێت داهاتوویان بە کوێ دەگات.

لە عیراقیش لە ساڵی 1977ـەوە  رێگەدراوە ژنان بچنە نێوکایە سەربازییەکان و لەنێو سوپاى ئەو وڵاتەدا سەدان ئەفسەری جۆراروجۆرن هەن ، بەڵام کاتێک جەنگی عێراق و ئێران هەڵگیرسا بەشێکى زۆریان بە مووچەخۆری مەدەنى خانەنشین کراو لە ساڵی 2005ـەوە جارێکى دیکە چووەنەتەوە نێو کارە سەربازییەکان بەڵام زۆرینەیان کارى پزیشکى و خزمەتگوزارییە ئیدارییەکان دەکەن.

بە هەمان شێوەش لە وڵاتی قەتەرلوبنان، یەمەن، مەغریب و مۆریتانیاش بەوشێوەیە مامەڵە لەگەڵ ژنان دەکەن، بەڵام لە لیبیا بەشێکی زۆر لە ژنان بەشدارییان کردووەو تەنانەت زیاتر لە سێ دەیە پارێزەرانى موعەمەر قەزافی ژنان بوون، بەڵام ئەوەى جێگەى سەرنجە وڵاتى میسر بەهیچ شێوەیەک رێگە نەدراوە ژنان بچنە نێو کایەکەوە تا ساڵی 2014 و لەو کاتەوە ژنان بەشداریی دەکەن بەڵام لە بوارە خزمەتگوزراییەکاندا.

بەڵام لە هەرێمى کوردستان هێزى پێشمەرگەى ژنان و لەنێو پارتە کوردییەکانی پارچەکانى تردا هیچ جیاوازییەک لەنێوان ژنان و پیاواندا ناکرێت و بەردەوام ژنان پێگەیەکى تایبەتى سەربازییان هەبووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP