هەرێم نیوز
ئەستەمە ئەم فیلمە ببینت و تێڕامان نەکەیت ، ئەستەمە پاش بینینی ئەم فیلمە تێڕوانینت بەرامبەر بە ( متمانە ) نەگۆڕێت ؟
خۆشناو محەمەد
فیلمێک باس لەجیهانی تاوانکاری ڕێکخراو دەکات ، چیرۆکی فیلم باس لە پەیوەندیەکی ئاڵۆز و نهێنی و تاریکی نێوان سەرکردەی باندێک لەگەڵ هەواڵگرێکی پۆلیس دەکات لەناو بەندیخانەدا !
گەنجێکی پۆلیس بە نهێنی کار بۆ حکومەت دەکات ، ئەم فیلمە لەناوەڕۆکدا هەڵگری بابەتەکانی دڵسۆزی و خیانەتە لەناو هێڵی توند و تیژی و پڕ لە پلاندا !
فەلسەفەی بنەڕەتی فیلم :
دەکرێت بەگشتی ئەم فیلمە کورت بکەینەوە بۆ کۆمەڵێک بیرۆکەی سەرەکی :
خیانەت وەک بەشێک لەمانەوە :
ئەم فیلمە ئاوێنەدانەوەی جیهانی تاوانکاریە ، بەجۆرێک سنورێکی ئەخلاقی هاوسەنگ بونی نیە، لێرەدا خیانەت ئامڕازێکە بۆ مانەوە و دەرباز بون .
هەردوو کارەکتەر و پاڵەوانی فیلم هەڵگری لایەنی متمانە و فێڵن پێکەوە ، هاوڕێیەتی پێکدادان دەکات لەگەڵ خیانەتدا ، بەجۆرێک بینەر بەڕاستی تێناگات کامیان خیانەتکارن ؟
سنورەکانی شوناس :
ئەم فیلمە هەڵگری بیرۆکەی شوناسی دولایەنەیە : چۆن دەکرێت مرۆڤ خۆی لەدەست بدات بەتایبەت ئەو ساتەی کۆمەڵێک دەمامک دەپۆشێت ؟
پاڵەوانی گەنج ( هەواڵگری پۆلیس ) دەبینێت کەوتۆتە ناو قوڵایی هەستەکانیەوە بەرامبەر بە سەرۆکی باندێکی تاوانکاری ، وەک بڵێیت جیهانی ژێرەوە ، جیهانی تاریک بۆتە بەشێک لەشوناسی ڕاستەقینەی ئەو !
هێز و دەسەڵات وەهمێکی کاتیە
ئەم فیلمە بۆمان ڕون دەکاتەوە چەندە دەسەڵات لەناو باندەکاندا ئاسان کون دەکرێت و دزە دەکرێتە ناوەوە : ڕێکەوتنەکان بەخێرایی ڕوو دەدات ، هێز بەخێرایی لەدەست دەچێت !
ئەم حاڵەتە ئاماژەیە بۆ فەلسەفەیەکی جودی :
هیچ شتێک هەمیشەیی نیە جگە لە خیانەت و مەرگ !
خۆڵەمێشی ئەخلاق
شتێک نیە بەناوی خراپەی ڕەها یان چاکەی ڕەها ، هەموو کارەکتەرەکان پاڵنەری خۆڵەمێشیان هەیە ، دیمەنەکانی نێو ئەم فیلمە بینەر توشی شۆک دەکات ، وادەکات هەست و سۆزت هەبێت بۆ ( خراپەکار ) !
گۆشەنیگای وجودی
دەکرێت بڵێین ئەم فیلمە وەک نەشتەرگەری وایە ، مرۆڤێک بەبێ یاسا دەژی ، تەنها بەیاسای دارستان دەژی ، هاوەڵی و دڵسۆزی مەرجدار ، متمانە وەک چەکێک ، ژیان یاریەکی شەتڕەنجی گەورەیە !
ئەم حاڵەتەش فەلسەفەیەکی قوڵی تەنکە سەبارەت بە بەهاکان ، کاتێک مانەوە دەگۆڕێت بۆ تەنها بەهای گرنگ !
ناوی فیلم ( Bulhandang )
ساڵ / 2017
کات / 1h 57m