دواین هەواڵ

ئابوری‌

 18 کاتژمێر پێش ئێستا

هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی نەوت ڕێککەوتن

هەرێم نیوز 

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر میکانیزمی هەناردەکردنەوەی نەوت ڕێککەوتن و کۆنووسی ڕێککەوتنەکەش لەلایەن زیاتر لە 20 کەسایەتی شاندی هەردوولا واژۆ کراوە، کە 17 کەسیان ئەندامی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بوون.  

سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە ڕێککەوتنەکە  بۆ میدیای پارتی ئاشکرای کرد، کۆبوونەوەکان لە 17ـی تەممووزەوە دەستیان پێکردووە و لەم ماوەیەدا سەردانی تەواوی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم کراوە و دوای هەڵسەنگاندنی کێشە هونەرییەکان.

وتیشی، گفتوگۆیەکی زۆر لە 11ـی ئەم مانگە ڕێککەوتن لە سەرمیکانیزمی هەناردەکردنی نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان کراوە، کە هەناردەکردنەکە بە گوێرەی بەرهەمی ڕۆژانەی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت، ئەویش دوای ئەوەی 50 هەزار بەرمیل بۆ پێویستی ناوخۆی هەرێم گلدەدرێتەوە، بەرهەمەکەی دیکە بۆ هەناردەکردن ڕادەستی  کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت.

بە گوێرەی زانیارییەکان، کۆنووسی ڕێککەوتنەکە لەلایەن 17 ئەندامی شاندی وەزارەتی نەوتی حکوومەتی فیدراڵ و 5 ئەندامی شاندی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان واژۆ کراوە و ئێستاش شاندەکەی فیدراڵ گەڕاونەتەوە بەغدا.

هەروەها بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ماوەتەوە حکوومەتی فیدراڵ لەگەڵ حکوومەتی تورکیا دوایی قسە بکات و پرۆسەکە جێبەجێ بکرێت.

ئەم ڕێککەوتنە نوێیە لە کاتێکدایە، کە هەنادەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ئاداری ساڵی 2023ـەوە، بەهۆی سکاڵایەکی عێراق لە دژی تورکیا تۆمارکرا و بەهۆیەوە هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا ڕاگیرا، کە بە وتەی بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگرتنی هەناردەی نەوتەکە، بە بەهای زیاتر لە 50 ملیار دۆلار زیانی بە ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیاندووە و جەختیش لەوە دەکەنەوە، هیچ لایەنێک لەو بڕیارە سوودمەند نەبوون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP