هەرێم نیوز
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی بە میدیای گۆڕانی راگەیاندووە، 48 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ لە داهاتی سلێمانی بۆ تەواوکاری 120 ملیار دینارەکە ئامادەیە و هەرکات وەزارەت ئاگادار کرایەوە دەخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی عێراق.
سەبارەت بە بابەتی نەوت ئاماژەی بەوەکردووە، 130 هەزار بەرمیل نەوت ئامادەیە و دەتوانن 80 هەزار بەرمیل هەناردە بکەن، بەڵام قەرزی کۆمپانیاکان کە ملیارێک دۆلارە کێشە سەرەکییەکەیە لەگەڵ کرێی گواستنەوەی نەوت، تا رۆژی یەکشەممەی داهاتوو چارەسەری گرفتی کۆمپانیاکان دەکرێت و بەغدا لە 10رۆژی کۆتایی ئەم مانگەدا بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی شەش دەدات.
هاوکات سەرچاوەیەك لە شاندی هەرێم ئەوەشی خستووەتەڕوو، گەورە راوێژکارێکی سودانی پێی وتون "ئەو مووچانەی کە مووچەخۆرانی هەرێم وەریان نەگرتووە وەک مووچەی مانگی حەوت و هەشت بە ئەمانەت لەلایە بەغدا هەڵگیراوە، بەڵام بڕیاری سیاسی پێویستە بۆ خەرجکردنی بە مەرجێکیش خاڵەکانی رێککەوتنەکە جێبەجێبکرێت.
جەختیکردووەتەوە، ئەگەر لە هەفتەی داهاتووەوە نەوت هەناردە بکرێت و ئەم مانگە بەرهەمهێنانی نەوت بچێتەوە 280 هەزار بەرمیل نەوت و بەبەردەوامی بەغدا و هەرێم لەسەر داهاتی ناوخۆ رێکبکەون، مووچە نافەوتێت.