هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتی پسوولەی خۆراک لە هەولێر هاوڵاتیان ئاگاداردەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت: وەزارەتی بازرگانی عێراق وادەی پرۆسەی بە ئەلیکترۆنی کردنی پسوولەی خۆراکی درێژ نەکردووەتەوە، بەڵام بەرنامەکە چالاکە و هاووڵاتییان دەتوانن بچنە نێو سیستەمە.
ئەمڕۆ هەینی سیامەند قادر، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر ڕایگەیاند: داوایان لە وەزارەتی بازرگانی عێراق کردووە دوو هەفتە وادەی بە ئەلیکترۆنی کردنی پسوولەی خۆراک درێژ بکەنەوە، بەڵام بەو داوایە ڕازی نەبوون.
دەشڵێت، وەزارەتی بازرگانی عێراق وادەی درێژکردنەوەی پڕۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراکی درێژ نەکردووەتەوە، بەڵام تاکوو ڕۆژی یەکشەممە بەرنامەکە چالاکە و دەتوانن بچنە نێو سیستەمەکە.
ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەوانەی تاکوو ئەمڕۆ خۆیان لەپرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک تۆمار نەکردووە، با بەزووترین کات ناوی خۆیان و خانەوادەکەیان تۆماربکەن.
ڕۆژی 01ـی حوزەیرانی 2025، پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراکی هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، سەرەتا پێنج ڕۆژ بە شێوەی ئەزموونی بوو، دواتر بە شێوەیەکی فەرمی دەستیپێکرد و ماوەی نزیکەی دوو مانگە بەردەوامە.