هەرێم نیوز
عەباس عێراقچى وەزیری دەرەوەى ئێران لەبارەى چۆنیەتى ئاگربەستى نێوان وڵاتەکەى و ئیسرائیل ئاشکرادەکات و دەڵێت لەسەرەتاوە ناکۆکیی و لێکتێنەگەشتن لەنێو بریاربەدەستدانى ئێراندا هەبوو، بەڵام دواتر چارەسەرکراو توانیمان بگەینە ئاگربەست لە دواى جەنگێکى دوانزە رۆژەى توند، عێراقچى دەڵێت، هەشتەم رۆژ بوو یان نۆیەم رۆژى جەنگ ئەنجوومەنى باڵاى بەرژەوەندیی ئێران کۆبوونەوەیەکى ئەنجامدا و بڕێاری ئەوەى تێدادرا کە ئەگەر ئیسرائیل بەبێمەرج رازیی ببێت بە ئاگربەست ئەوا ئێمەش قبوڵی دەکەین، گوتیشى بڕیارەکە لەکاتێکدا بوو کە ئێران لە پێگەى هێزو تواناى تەواودا بوو، گوتیشى ئێران دەستدرێژیی نەکردووەتە سەر هیچ وڵاتێک و لە هیچ لایەکیش دەستدرێژیی قبوڵ ناکات،
راشیگەیاند ئەنجوومەنى پاراستنى بەرژەوەندییەکان پەیوەندیی راستەوخۆی لەگەڵ عەلى خامنەیی ریبەرەوە هەیە، عێراقچى دەڵێت کاتژمێر یەکی شەوى دوانزەهەمین پەیوەندییەکى تەلەفۆنى بۆ هاتووە بە بێ ئەوەى سەرچاوەکە باس بکات و پێى راگەیاندووە ئیسرائیل رازیی بووە بە ئاگربەست، هەربۆیە ئەویش بەخێرایی پەیوەندیی بە سەرکردایەتى سوپاوە کردووە، دواى لێکتێنەگەشتنێکی سەرەتایی گەشتوونەتە ئەو بڕوایەى کە ئەگەر ئیسرائیل دەستپێشخەریی بکات لە راگرتنى هێرشەکانى ئەوا ئێرانیش بێ سێ و دوو هێرشەکانی رادەگرێت،
دەشڵێت دوانیوەڕی یەکەم رۆژى ئاگربەست ئیسرائیل بانگەشەى ئەوەى دەکرد گوایە ئێمە هێرشمان کردبێت و بۆ ئەو مەبەستە فرۆکە هێرشبەرەکانى ئامادەى هێرشکردووە ناردنیە ئاسمان، بەڵام کاتێک پەیوەندیمکرد بە نوێنەرى دۆناڵد ترەمپ بۆ ناوچەکە ستیف بیتکۆف پێمڕاگەیاند ئەو بانگەشەیە راست نییە و ئەگەر ئیسرائیل هێرشمان بکاتە سەر وەڵامی توندترمان دەبێت،
دەڵێت پێمگوت ئەوەى ئیسرائیل لە لوبنان دەیکات ناتوانێت لەگەڵ ئێمەى بکات، بۆیە فرۆکەکان گەڕانەوە و هێرشەکەیان ئەنجام نەدا.
لەبارەى نەکوژان یان بە ئامانج نەگرتنى خۆی عێراقچى لە لایەن ئیسرائیلەوە دەڵێت هیچ هەڕەشە یان ئاگادارکردنەوەیەکی راستەوخۆم پێنەگەشتووە، بەڵام موشەکێک لەبەرامبەر ماڵەکەمان کەتووەتەخوارەوە، بەڵام ئەوە ئاگادارم لەکاتى سەفەرکردنم بۆ تورکیا لە لایەن فرۆکەى بێفرۆکەوانەوە چاودێریی کراوم، لەبارەى پێشبینییەکانى بۆ هێرشکردنە سەر ئێرانیشەوە گوتی کوشتنى ئیسماعیل هەنیە لەتاران و کەوتنى ئەسەد و کوشتنى حەسەن نەسروڵا سێ ئاماژەى سەرەکیی بوون بۆ ئەوەى لەوە تێبگەین ئەو جەنگە لەبەردەم ماڵماندایە و بەتەواوى هێزمانەوە خۆمان بۆ ئامادە دەکرد.
عێراقچى لە بارەى وەڵامدانەوەکەى ئێران بۆ کوشتنی ئیسماعیل هەنییە لەنێو قوڵایی دەسەڵاتی ئێراندا نەیشاردوەتەوە کە ئەو لەکاتەدا واتە 31ـى تەمووزی ساڵی 2024 بەربژێریی وەزارەتى دەرەوە بووە، بەو هۆیەوە بانگکراوە بۆ کۆبوونەوەیەکی تایبەت و لەوێ ناکۆکیی کەوتووەتە نێوان سیاسیی و سەربازییەکان، دواتر هەمووان کۆک بوون لەسەر ئەوەى لە خۆیان بپرسن ئەگەر ئێران وەڵانى سەربازیی بداتەوە ئایا تواناى ئەوەى هەیە بە تەواوەتى بەرگریی لە خۆی بکات یان نە، کاتێک بەرپرسانى سوپا دڵنیایان کردینەوە بەڵێ تواناى ئەوەمان هەیە، ئیتر بڕیاری هێرشکردنەکە چووە بوارى جێبەجێکردنەوە، ئەو دەشڵێت سەرەڕای ئەوەى ئێران هەموو ئامادەکارییەکی کردبوو، بەڵام 17 گەشتى دبلۆماسیم کردووە بۆ ئەوەى ئەو جەنگە روونەدات، بەڵام لە کۆتاییدا هەر رویدا، دەشڵێت ئیسرائیل زۆری هەوڵدەدا ئەمریکا پەلکێشى جەنگەکە بکات بەراستەوخۆیی و جۆرێک لە نەرمیش لە لایەن ئەوانیشەوە هەبوو، بەڵام هەرزوو بە دۆستەکانمان گوت ئەگەر ئەمریکا راستەوخۆ بەشداریی بگات موشەکەکانمان تواناى گەشتنیان هەیە بە خاکی ئەمریکا.
لێدوانەکانى عەباس عێراقچى شەوى هەینى لەسەر شەممە لە کەناڵی تەلەفزیۆنى فەرمی ئێران و بەشێوەى راستەوخۆ وەک بەشى یەکەم پەخشکرا، بەڵام بەشى دووەم سانسۆری خرایە سەرو چیتر عێراقچى قسەکانى تەواونەکرد، لەبەرامبەردا تەلەفزیۆنی ئێران سەردانیکردنى مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری بۆ وەزارەتى دەرەوە بڵاوکردەوە کە پێکەوە لەگەڵ عێراقچی قسەو گفتۆیان لەبارەى کێشە جۆراوجۆرەکانەوە کردووە، عێراقچى لە بەشى یەکەمدا گوتى گرنگ بوو بۆ ئێمە لەکاتى بەهێزیدا ئاگربەست رابگەیەنین نەک تەسلیمبوون و خۆ بەدەستەوەدان، گوتیشى ئێران زیانى لە ئاگربەست نەکردووە، بۆ هەموو جیهانمان سەلماند کە ئێران خاوەنی چ هێزێکە.