هەرێم نیوز
ڕوخانی قەوارەی هەرێم ئەو خەونی نابێتە واقیع
کێن ئەوانەی دەیانەوێت قەوارەی هەرێم لاواز بکەن و بروخێنن؟!
لە موچەبرینەوە هەتا خۆپیشاندانی مامۆستایان
لەماوەی پێشوودا و دوای ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا، لەمانگی ٢-٢٠٢٥دا ئاواتی شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم، لەبەردەم میدیاکاندا مژدەی ڕێککەوتنی دا بە گوێی هەممواندا و وتی، موچەی ساڵی ٢٠٢٥مان مسۆگەر کردووە، بەڵام سێ مانگی نەبرد، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بەنوسراوێک بە هەرێمی وت، پارەی تەرخانکراوتان بۆ موچە نەماوە و چیتر ناتوانین موچەتان بۆبنێرین، ئەمەش بەتەواوەتی چاوەڕوان نەکراوبوو لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، چونکە ناکرێت لەماوەی دوومانگ لە ڕێککەوتن بڵێی پارەی تەرخانکراوتان نەماوە لە بودجەی ساڵەکەدا، ئەمەش بەفشاری بێ چەند چۆنی ئێران بوو، کە زۆربەی لایەنە شیعەکانی عێراق بەتەواوەتی وابەستەن بەبڕیار و ڕاسپاردەکانی ئێرانەوە، هەربۆیە نوسەر و سیاسەتمەدار، سەردار عەبدوڵا لە بەرنامەیەکی میدیایدا وتی، پارەی سێ مووچەی هەرێم کە دوو ملیار و ٥٠٠ هەزار دۆلاری هەرێم دراوەتە ئێران و ئاغای قائانی.
ئۆپۆزسیۆن بەسیاسەتی کەری دێز, (تۆپینی خۆی و زەرەری خاوەنەکەی) لەلایەک و بەدەستلەپشتدانی ئەوانەی کەلە ساڵی ٢٠١٤ەوە هیچ ڕێگایەک نەماوە تاقینەکەنەوە بۆ ڕاگرتن و لاوازکردن و دواجار نەهێشتنی قەوارەی دەستوری هەرێم بۆیە ئەمانیش کەوتنە هوتاف دژی حکومەتی هەرێم و تەنانەت قەوارەی هەرێمیش بەوەی کە هەرچی تاوانە خستیانە ملی هەرێم و هەموو مافێکیان بەبەغدادا، نەک هەر بۆ بڕینی موچەی فەرمانبەران، تەنانەت هەندێکیان نوقڵانەی هێرشکردنە سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمیان لێدەدا، بەبێ ئەوەی پرسیاری ئەوە لەخۆیان بکەن چۆن دەبێ مانگی دوو ڕێککەوتن بکەن و مانگی پێنج بڵێن پارەی تەرخانکراوتان نەماوە بۆ بودجەی ساڵەکە
لەوەش سەیرتر بانگەوازی ئۆپۆزسیۆن بوو بۆ خۆپیشاندانی مامۆستایان لەڕۆژی ٢٥ـ٦، کە زۆربەی ئەوانەی خۆیان کاندید کردووە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق خۆیان سوڕ هەڵدابوو بۆ بەشداریکردن و خۆنمایشکردن، ئەوەبوو، ئاسایشی سلێمانی پێش دەستپێکردنی خۆپیشاندان چەند کەسێکی لەکاندیدەکان و هەندێ لە مامۆستایان دەستگیرکرد بەبیانووی ئەوەی کە دەستێک دەیویست گێرەشێوێنی بکات و دۆخەکە لەدەست دەربچێت، بێ ئاگا لەوەی خەڵکی کوردستان لەوان هۆشیارترە و بەئاسانی نابێتە کەرەستەی ساکار بۆ دەرکەوتن و دواجار دەرچوونی ئەوان بۆ پەرلەمان و خۆ دەوڵەمەندکردنی پۆلێ خەڵکی تر و دواجاریش بەجێهێشتنیان.
ئەوەی ئەمجارە گرنگ بوو، تەبایی پارتی و یەکێتی بوو، کە دواجار بووە هۆی شکستپێهێنانی پیلانی شیعەکان و کۆماری ئیسلامی ئێران لەڕێی بریکار و مورتەزەقەکانیانەوە کە دەیانویست دۆخێکی شڵەژانی ئەمنی دروست بکەن و هەتا بگاتە ئەو ئاستەی بەغدا دەستێوەردان بکات و قەوارەی هەرێم لەبەین بەرێ، بەڵام ئەمجارەش دەست بەتاڵ و خەون بەتاڵ و بێ ئەنجام دەرچوون.
نزیکەی سێ مانگ برسی کردن و بێ مۆچەی موچەخۆرانی هەرێم، بەهۆکاری سیاسی، نەک تەکنیکی و دارایی، هەروەها داواکردنی لانیکەم ٢٣٠ هەزار بەرمیل نەوت و لەولاشەوە هەڵدانی درۆن بۆ وێرانکردنی کێڵگە نەوتییەکانی! ئەمە کوێی لۆژیکییە بەلای شیعەی عێراق و ئۆپۆزسیۆنی کوردییەوە، سەرەڕای ئەمانەش دواجار بەدیبلۆماسیەت و خۆڕاگری هەرێم و فشاری ئەمریکا و بێ ئومێدبونی شیعەی عێراق و کۆماری ئیسلامی لەبریکار و مورتەزەقەکانیان، بەغدا ناچاربوو موچەی هەرێم بنێرێت، بەڵام نازانرێت ئەم ڕێککەوتن هەتا حکومەتی داهاتووی بەردەوام دەبێ یان وەک ڕێککەوتنەکانی پێشووتر تەمەنی پەپولەیەکی دەبێ و مردار دەبێتەوە؟