هەرێم نیوز
کەناڵی 12ی ئیسڕائیل لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، بەپێی بۆچوونی زۆرێک لە شارەزایانی کاروباری ئێران لەو وڵاتە، سەرەڕای ئاگربەست لە شەڕی ئیسرائیل و ئێران، هەردوو وڵات لە ئێستاوە سەرنجیان لەسەر خولی داهاتووی شەڕەکەیە؛ بەپێی شارەزایانی ئیسرائیل ڕەنگە زووتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا ڕووبدات.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، لە حاڵێکدا کە ئێران سەرنجی لەسەر بنیاتنانەوەی سیستمە مووشەکی و بەرگرییە زیانلێکەوتووەکانی خۆی دایە و مەترسییەکانی "هێرشی پێشوەختە"ی تاران بۆ سەر ئیسرائیلیش جێگای نیگەرانییە، ئیسرائیل لای خۆیەوە لە ئێستاوە باس لە دووبارەکردنەوەی هێرش بۆ سەر ئێران دەکات ئەگەر ئێران دەست بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بکاتەوە و پێداویستییە سەربازییەکانی بۆ دابین دەکات.
ئیسرائیل بەرهەمهێنانی خێرای ژمارەیەکی زۆر لە مووشەکی بەرگری ئاسمانی بۆ سیستەمە بەرگرییەکەی خستۆتە کارنامەی خۆیەوە.
ڕاپۆرتی کەناڵی 12ی ئیسرائیل باس لەوە دەکات کە سەرکەوتنی سەربازیی ئەم دواییەی ئیسرائیل لە دژی ئێران هیچ گەرەنتییەک نییە بۆ داهاتوو و هەرچەندە ئیسرائیل دەتوانێت لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەم دواییەی لە ئێران ڕازی بێت، بەڵام دەزانێت دەبێت بە هۆشیاری بمێنێتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا پێشنیاری ئەوە کراوە کە ئیسرائیل تەنانەت لە سەرکەوتنەکانی خۆی بکۆڵێتەوە بۆ ئەوەی لێیان فێربێت بۆ خولەکانی داهاتووی شەڕەکە.
لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە، ئیسرائیل ئەو تواناییانەی لەدەستداوە کە لە سەرەتای شەڕەکەدا بۆ شۆککردنی ئێران بەکاریهێناون، بۆیە دامەزراوە بەرگری و سەربازییەکان لە ئێستادا بیر لە کرداری شۆکهێنەر و چاوەڕواننەکراوی دیکە دەکەنەوە.
فەرماندەیەکی پێشووی بەرگری ئاسمانی لە هێزی ئاسمانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بە شێوەیەکی کاریگەر هەندێک لە نهێنییەکانی خۆی بۆ دوژمن ئاشکرا کرد لە شەڕی ئەم دواییەدا، چ لە گۆڕەپانی بەرگری و چ لە گۆڕەپانی هێرشبەریدا.
هەروەها سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، بە تۆڕەکەی ڕاگەیاندووە کە ئیسرائیل دەبێت بەردەوام بە شێوەیەک مامەڵە بکات کە ئێران لە دەرفەتی فێربوون لە شەڕی ئەم دواییە بێبەش بکات.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەشکراوە، ئێران هێشتا توانای کوشندەی زۆری هەیە و ڕژێمی تاران هێشتا لە شوێنی خۆی ماوە و ئارامگرە و ڕەنگە سەدان و لەوانەشە هەزاران مووشەکی بالیستی و نیوەی ئەو مووشەکهەڵگرانەی کە لە شەڕی ئەم دواییەدا بەجێماون، بەکاربهێنێت.
ئەیال زمیر، سەرۆکی ئەرکانی ئیسرائیل هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە شەڕی دژی ئێران کۆتایی نەهاتووە.
لە بەرامبەردا، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لەم هەفتەیەدا ڕایگەیاند کە ئیسرائیل "دەتوانێت لە هەر ساتێکدا جارێکی دیکە هێرش بکاتەوە" و جەختی لەوە کردەوە کە هێزە چەکدارەکانی ئێران "خۆیان بە هێزەوە ئامادە کردووە بۆ هەر دەستدرێژییەک".