هەرێم نیوز
سەرچاوەیەکى باڵا لە حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، 120ملیار دینار داهاتى نانەوتى ئامادەیە و بەمنزیکانە رادەستى بەغداد دەکرێت و ئیدی هیچ بەربەستێک لەبەردەم ناردنى مووچەدا نامێنێت.
ئەو سەرچاوە باڵایە کە هاوکات ئەندامێکى شاندى باڵاى دانوستانکارى حکومەتى هەرێمى کوردستانە رایگەیاندووە، لەگەڵ بەغداد لە رێککەوتن نزیکین بۆ دیاریکردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی بۆ مانگەکانی داهاتوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان کۆدەبینەوە و وردەکاریی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ بەغداد بۆ هەناردەکردنەوەی پێدەڵێن. گوتشی هەناردەکردنەوەی نەوت تەنیا چەند رێکارێکی تەکنیکی ماوە و هیچ گرفتێک لەنێوان هەولێر و بەغداد نەماوە.
رۆژی 15ـی تەمموز هەرێمی کوردستان و عێراق یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان لەسەر نەوت و مووچە واژۆکرد و لە ماوەی دوو رۆژدا هەردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و عێراق پەسەندیان کرد.
بەگوێرەى یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە، پێویستە هەرێمى کوردستان 120ملیار دینار لە داهاتى نانەوتى رادەستى بەغداد بکات و لیژنە تەکنیکییەکان خەمڵاندن بۆ داهاتى نانەوتى بکەن، رۆژانەش 230 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى سۆمۆ بکرێت.
هاوکات رۆژی چوارشەممە، وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان رایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتى نەوتى فیدراڵ لەسەر میکانیزمى هەناردەکردنەوەى نەوت رێکەوتوون، 50 هەزار بەرمیل رۆژانە بۆ ناوخۆ بەرکاردەهێنرێت و ئەوەى دیکە کە بەرهەم دەهێندرێت رادەستى سۆمۆ دەکرێت.