دواین هەواڵ

ئابوری‌

 13 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزارەتی دارایی: بانکی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی (IDB) لە پڕۆژەی هەژماری من دوورخرایەوە

هەرێم نیوز 

وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، بەهۆی سنووردارکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکانی لەلایەن بانکی ناوەندی عێراق لەڕووی مامەڵەکردن بە دۆلارەوە، بانکی پەرەپێدانی نێوەدەوڵەتی (IDB) لەمەودوا بەشێک نابێت لە پڕۆژەی هەژماری من .

ئەمڕۆ دووشەممە 8ی 9ی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، تێیدا هاتووە، بانکی پەرەپێدانی نێوەدەوڵەتی (IDB) لەمەودوا بەشێک نابێت لە پڕۆژەی هەژماری من بەهۆی سنووردارکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکانی بانکی ناوبراو لەلایەن بانکی ناوەندی عێراق لەڕووی مامەڵەکردن بە دۆلار.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو مووچەخۆرانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئێستا لە بانکی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی (IDB) تۆمارکراون، لە ڕێگەی سەنتەری خزمەتگوزاری پڕۆژەی هەژماری من پەیوەندییان پێوە دەکرێت و ئاگاداردەکرێنەوە لەبارەی گواستنەوەی هەژمارەکانییان بۆ یەکێک لە بانکەکانی دیکەی ناو پڕۆژەکە.

وەزارەتی دارایی دەڵێت، پڕۆژەی هەژماری من بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ حەوت لە بانکە هاوبەش و ڕێگەپێدراوەکان کە تەواو پابەندن بە ڕێنمایی و پێوەرەکانی بانکی ناوەندی عێراقی و توانای مامەڵەکردنیان بە دۆلار هەیە، کە ئەمەش ڕێگە بە سوودمەندانی پڕۆژەی هەژماری من دەدات لەوەی کارتە بانکییەکانیان لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق بەکاربهێنن. 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دارایی هەرێم، لە مانگی شوباتی ساڵی 2023، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی (هەژماری من)ی ڕاگەیاند وەک بەشێک لە دیدگا و ستراتیژی هەرێمی کوردستان بۆ فراوانکردنی گشتگیری دارایی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە پارەی نەختینە (کاش). شایانی باسە لە ئێستادا زیاتر لە 900,000 مووچەخۆری حکومی خۆیان تۆمارکردووە لە پڕۆژەی هەژماری من.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP