هەرێم نیوز
تۆم باراك نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری سوریا لە پەیامێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (x) ڕایگەیاند: وەک باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیاو نێردەی تایبەت بۆ سوریا، وەک نێردراوێک سەردانی حەسەکەم کرد بۆ ئاسانکاری و چاودێریکردنی پێشکەوتنەکان لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی سوریا.
تۆم باراک ئاماژەی بەوە کردووە: ئەم ڕێککەوتنە نەک تەنها بۆ سەقامگیری و ئاسایشی سوریا، بەڵکو بە یەکسانی بۆ بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی تورکیا و ئەمریکاش گرنگی هەیە.
دەشڵێت: بە شەفافیەتێکی تەواو و ڕۆحی پێشخستنی سەقامگیری ناوچەیی و هەماهەنگی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرو گەیشتنی كۆمەكە مرۆییەكانەوە سەردانی حەسەكەم كردو، هەموو ئەمانەش ڕاستەوخۆ خزمەت بە بەرژەوەندییە ئەمنی و ئابوورییەکانی تورکیا دەکەن.
ئەوەشی ئاشکرا کرد: هەر بانگەشەیەك بۆ ئەوەی سەردانەکە چالاکییەکانی تێکدانی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی تورکیا یان یەکپارچەیی خاکی تورکیای تێدابووە، بە تەواوی بێ بنەمایە. هەر تۆمەتێک لەبارەی بوونی نەخشەیەکەوە، کە هەرگیز لە ژوورێکی کۆبوونەوەدا نەمبینیوەو تێیدا نەبووم، بۆ تێكدانی بەرژەوەندییەكانی توركیا، بە تەواوی گاڵتەجاڕییە.
ڕاشیگەیاند ئەرکی من لەسەر پێشخستنی میکانیزمەكانی هاوكارییەو (هەرواش دەبێت)، ئەمەش هەڕەشەکانی سنوور بەزاندن کەمدەکاتەوەو پشتگیری لە ئامانجی فراوانتری ئاشتی و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەیی دەكات.