دواین هەواڵ

تەندروستی‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

یەکەمین کاروانی تووشبووانی تالاسیمیا گەڕانەوە هەرێمی کوردستان

هەرێم نیوز

دوای ئەوەی بە ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کران بۆ چارەسەری، ژمارەیەک لە نەخۆشانی تالاسیمیا گەیشتنەوە کوردستان.

ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کورسدتان ڕایگەیاند: دوای ناردنی چوار کاروانی نەخۆشانی تالاسیمیا بۆ دەرەوەی وڵات، یەکەمین کاروانی ئەو نەخۆشانە کە لە سێ تووشبوو پێکهاتبوون، دوای مانەوەیان بۆ ماوەی نزیکەی 100 ڕۆژ و ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکان بە سەرکەوتوویی، گەڕانەوە هەرێمی کوردستان و بە کەسوکاریان شاد بوونەوە.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "بە سوپاسەوە بۆ مەسرور بارزانی، کە بە پەرۆشی و پاڵپشتیی بەڕێزیان ئەم پڕۆژە مرۆڤدۆستییە دەستی پێ کردووە و هیوای خستووەتە ناو سەدان خێزانەوە."

وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا 172 هاووڵاتیی نەخۆش، بەخشەر و هاوەڵەکانیان لە دەرەوەی وڵاتن بۆ هەمان مەبەست. تەواوی ئەو نەخۆشانە دوای پشکنین و ئامادەکارییە پزیشکییەکان لە کوردستان، ڕەوانەی دەرەوە کراون.

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی خەرجییەکانی چوون و هاتنەوە، مانەوە، پشکنین و نەشتەرگەریی لە ئەستۆ گرتووە و بودجەی پێویستی بۆ دابین کردوون.

وەزارەتی تەندروستی ئەوەشی خستەڕوو، بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا کاروانی پێنجەمی تووشبووان بۆ هەمان مەبەست ڕەوانەی دەرەوەی وڵات بکرێن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP