دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

کاتێک مرۆڤ جانتایەک پارە و مەیتێکی نەناسراو دەدۆزێتەوە، ئایا ئەخلاق دەبێتە بارێکی زیادە!؟

هێمن عەبدوڵقادر

لەسەر دەمێکدا ، کە دۆلاری سپی پارە کەمتر دەکات ، لە دۆلاری شین ، لە سەردەمێکدا ، کە گەڵا بە بیست و پێنج هەزاری بیگۆڕیتەوە نرخێکە و بە پێنج هەزاری بیگۆڕیتەوە نرخێکە؟ لەسەر دەمێکدا کە خەڵکی ئامادەیە ، پێ لەسەر شان و ملی خوشک و برا و کەسوکاری خۆی بنێت و وەرەسە و موڵک و ماڵی بخوات ، لە سەردەمێکدا کە لەشوێنی کار و لەناو حیزب و لەناو کۆمەڵگادا خەڵک ئامادەیە ،هاورێ و کەسە نزیکەکانی خۆی بکاتە قوربانی چونە پێشەوەی خۆی، لە سەر دەمێکدا کە شەوان لەگەڵ هاوسەرەکاندا دەخەوین و نامەی مۆبایل و یادگەی مرۆڤ پڕە لەنامە و هەستی خەڵکی تر ، لە سەردەمێک و سەردەمێک و سەردەمێکدا .... ئایا هەر بەڕاست ئەخلاق بارێکی زیادە نییە ؟
.................
زانست پێمان دەڵێت :-
ناوبانگ و پارە و دەسەڵات ، وەکو (شەکری سپی) وایە ، مێشک چێژی لێدەبینێت ، بەڵام لە راستیدا وەک شەکر ، سیستەمی بەرگری ئەخلاقی ئینسان تێک دەشکێنێت.
دۆپامین هۆرمۆنێکە کە مرۆڤ فێردەکات ئەم کارە (دووبارە بکەرەوە)، کاتێک مرۆڤ بەهۆی ناوبانگ ، دەسەڵات ، پارە ، ژەمێکی بەهێزی دۆپامین (خۆشی و هەست بەسەرکەوتنی وەرگرت) مێشک چیتر گوێ بەوە نادات ئەم پارەیە ، ئەم دەسەڵاتە لەکوێ وە هاتووە ؟
پارەی هەتیوێکە ؟ یان هی مردوویەکە؟ یان هی وەرەسەی خزمەکانە؟
..............
ناوچەی (hyporfontality) ، کە بەرپرسە لە (ویژدان و لۆژیک) وردە وردە کز دەبێت ، هەمان ئەو شتەیە کە لە ئالوودەبووەکان دەبینرێت ، ئەوان ئامادەن درۆ بکەن ، بدزن ، خیانەت لە هاورێکانیان بکەن ، تەنها بۆ ئەوەی بگەن بەو پاداشتەی کە مێشکیان داوای دەکەن.
لەم بارودۆخانەدا مرۆڤ تەنها ئەخلاق ناشکێنێت ، بەڵکو ئەخلاقی نوێی ساختە دروست دەکات ، بۆ ئەوەی بتوانن لەگەڵ تاوانەکەیاندا بژین.
......................
کاتێک لێت دەپرسن بۆ نەبوویت بە هیچ ؟ یانی لێت دەپرسن بۆ نەبوویت بە دز، بۆ نەبوویت بە ماستاوچی ، بۆ نەبوویت بە ڕاپۆرت نووس ، بۆ ئەم بارە ئەخلاقە قورسەت لەسەر شانت دانەنا؟ بۆ چیرۆکێکی ساختەت بۆ خۆت دروست نەکرد ؟
مەگەر نابینیت خوشکەکەت هاوسەرگیری نەکردووە ؟ مەگەر نابینیت براکەت دانەمەزراوە ؟ مەگەر نابینیت خەرجی عیلاجەکانی دایک و باوکت چەندە؟ مەگەر نابینیت کرێی خوێندنی مندالەکەت چۆنە؟
هەستە و مانایەکی تر بەخلاق بدە و چیرۆکێکی ساختەی بۆ دروست بکە و تۆش دەست پێبکە وەک ئەوانی تر.
........................
پزیشک و نووسەری نەمساوی (ڤیکتۆر فرانکڵ) کە ئازارێکی زۆری چەشتووە لە کەمپی نازییەکان ، لە کتێبی (مرۆڤ بەدوای مانادا دەگەڕێت) دەڵێت ، ئەوانەی ڕۆژانە کاریان دەکرد لە کەمپەکە ، لەتێک نانیان پێدەدرا ، کەتەنانەت بەشی بوژاندنەوەی جەستەی خۆیانی نەدەکرد ، بەڵام ئەم کەسانە هەمیشە بە دزیەوە ، لەتێک لە نانەکەیان دەدا بە هاورێکانیان ، یان شەوان بە دزیەوە ، لەتە نانەکەیان دەخستە ناو گیرفانی هاورێکانیان ، دەڵێت زۆرینەی ئەوانەی کە لە زینداندا ، مانایەکیان بۆ ژیان دۆزیبووە ، زیاتر دەژیان ، وەک لەوانەی کە بەهۆی برسیەتیەوە دەمردن.
..................
بە ئەخلاق بوون لەسەردەمی بێ (ئەخلاق)یدا
مرۆڤ دەبێت ئاگاداری ئەو ساتانە بێت کە مێشکی دەست دەکات بە پاساو هێنانەوە بۆ نایشیرینییەکان ، چونکە ئەو ساتە ، ساتی مردنی ڕاستەقینەی مرۆڤە ، بەر لەوەی جەستەی بمرێ.
کورە یاڵا دەدەی ، لەگەڵ ئەم ئافرەتەش پەیوەندی دابنێ !
کورە یاڵا دەدەی لەگەڵ ئەم پیاوەش پەیوەندی دابنێ ؟
کورە یاڵا دەدەی دوو وەرەقە لەم خزمەی خۆت بخۆ ؟
کورە دەدەی یاڵا لە ناو حیزب و شوێنی کار و کۆمەڵگادا ، مەجموعەیەک بکە بە پلیکانە و پیایاندا سەرکەوە و دۆپامینی زیاتری خۆت برێژە و بەهەمووانی نیشان بدە تۆ چەند موهیم و گەوەرەو سەرکەوتوویت؟
لە ڕاستیدا ، هەتا ناوبانگ و پێگەت نزمتر و کەمتر بێت ، ئەشێ ئەخلاقەکەت ڕاستەقینەتر بێت ، چونکە ئیتر ئەوە بۆ نمایش نییە ، بۆ پێدانی مانایەکە بە خۆت و ژیان.
مرۆڤی ئاسایی ، لاواز ، باخاوەنی پارە و ناوبانگ و دەسەڵات و پێگەش بێت ، بەڵام ناتوانێت بگاتە پێدانی مانا چونکە هەموو ئەوانەشی کە هەیەتی وەک ڕوکەشگەرای و ڕیاکاری و ساختە بەکاری دەهێنێت، بۆیە هەرگیز هەست بەخۆشی ناکات.
بەڵام مرۆڤی مەزن لەکاتی نەبوونی هیچ شتێکیشدا ، ئەخلاق بەکار دەهێنێت وەک تاکە شت کە پێی بژی.
...............
سەد ئەوەندەی تر پارە و دەسەڵات و ناوبانگت هەبێ ، ئەخلاقێک کە شەوان بە ئارامی نەتخەوێنێت ، کابووس و مۆتەکەیەک کە بەردەوام بە قەلەقی و ترسەوە بتهێڵنەوە ، زووتر لەبرسێتی و بێدەسەڵاتی دەتکوژێت ، وەک ئەوانەی لە کەمپەکاندا بەهۆی برسێتییەوە نەمردن ، بەڵکو بە هۆی نەبوونی مانایەکەوە مردن، ئیتر خۆت بڕیار دەدەیت ، لەتەنهایی و بیابانی دەرونتدا کە کەس دییار نییە ، ئەخلاق بارێکی زیادەیە ، یان نا.
نوقتە سەری دێڕ .....



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP