هەرێم نیوز
سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە توندی سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر قەزای پیرمام دەکات و ڕایدەگەیەنێت، ئەم جۆرە هێرشانە بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نین.
پەیوەندیی تەلەفۆنیی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و مەسرور بارزانی
ئەمڕۆ سێشەممە ١٨ی ئابی ٢٠٢٦، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵییەوە پێگەیشت.
لە پەیوەندییەکەدا، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر نووسینگەی تایبەتی سەرۆکی حکوومەت و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی کرد و گوتی: "ئەم هێرشانە بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نین."
لە بەرامبەردا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی پەیوەندی و بەدواداچوونی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵی کرد و جەختی لە گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە.
پاشخانی هێرشە درۆنییەکەی سەر پیرمام
ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە دوای ئەوە دێت کە بەرەبەیانی دوێنێ دووشەممە کاتژمێر ٠٠:٢٨، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-١١٠) لە دیوی سنووری ئێرانەوە ئاراستەی قەزای پیرمام لە پارێزگای هەولێر کران. بەپێی ڕاگەیەندراوی دژەتیرۆری کوردستان، هێرشەکان بارەگای نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنیان کردبووە ئامانج، بەڵام هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتەوە.
پێشتریش مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا هێرشەکەی بە ناڕەوا و هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان وەست کردبوو.