هەرێم نیوز
داتاکان دەریدەخەن لە سێ ساڵی ڕابردوودا حکوومەتی عێراق کەمتر لە نیوەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی خەرج کردووە و لە کۆی 165 ترلیۆن دینار بۆ وەبەرهێنان، پشکی هەرێم "سفر" بووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 6ی 1ی 2026، بەپێی ئامار و داتاکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی بودجەی سێ ساڵەی عێراق (2023 - 2025)، کە لە لایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، دەرکەوتووە جیاوازییەکی گەورە لە نێوان شایستە دەستوورییەکان و ئەوەی بە کردەیی نێردراوە هەیە.
بەپێی داتاکان، کۆی شایستەی دارایی هەرێم 58.3 ترلیۆن دینار بووە، بەڵام ئەوەی بە کردەیی نێردراوە تەنیا 24.3 ترلیۆن دینار بووە، کە دەکاتە 41%ی مافە داراییەکان و ئەمەش تەنیا 3.9%ی کۆی بودجەی عێراق پێک دەهێنێت.
سەبارەت بە بودجەی وەبەرهێنانیش، سەرەڕای ئەوەی بەغدا 165 ترلیۆن دیناری بۆ پڕۆژەکان تەرخان کردووە، پشکی هەرێم "سفر" بووە و ئەمەش وەک گەمارۆیەکی وەبەرهێنان وەسف دەکرێت کە بووەتە هۆی پەکخستنی پڕۆژەکانی ژێرخان.
لەلایەکی دیکەوە ئامارەکان دەریدەخەن حکوومەتی هەرێم پابەندییەکانی جێبەجێ کردووە، بەشێوەیەک دوای دەستپێکردنەوەی هەناردە لە کۆتاییەکانی 2025دا، هەرێم 19.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕادەستی سۆمۆ کردووە و بڕی 919 ملیار دیناریشی لە داهاتی نانەوتی ڕادەستی گەنجینەی فیدراڵی کردووە.
دەقی راگەیەنراوی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم :
لە ماوە سێ ساڵی ڕابردوودا، لەدوای پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵیی عێراق، لە 21ـی حوزەیرانی ساڵی 2023، کە بۆ هەر سێ ساڵی دارایی (2023 – 2024 – 2025) بوو، تیایدا پشکی هەرێمی کوردستان، دوای چەندین گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن، لەنێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ، دیاری کرا.
جیاوازیی نێوان شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەوەی بە کردەیی لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا خەرج کراوە، بە قەبارەیەکی گەورە خەمڵێندراوە و هەرێم ڕووبەڕووی "گەمارۆی وەبەرهێنان" و "کەلێنی گەورەی دارایی" کراوەتەوە.
بەپێی داتاکان، کۆی شایستەی دارایی هەرێم گەیشتووەتە 58.3 ترلیۆن دینار، بەڵام ئەوەی بە کردەیی بۆ هەرێم نێردراوە لە 24.3 ترلیۆن دینار تێپەڕی نەکردووە، کە دەکاتە %41ی مافە داراییەکان و ئەمەش تەنها %3.9ی کۆی بودجەی عێراقە.
هەروەها سەرەڕای تەرخانکردنی بڕی 165 ترلیۆن دینار لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بۆ خەرجییەکانی وەبەرهێنان، پشکی هەرێم 0 بووە، کە بووەتە هۆی فشار بۆ پەکخستنی پڕۆژەکانی ژێرخان لە هەرێمی کوردستان.
لەلایەکی دیکەوە، لە دۆسیەی نەوتدا، ڕاگرتنی هەناردەی نەوت لە ئادارى 2023، 25 ملیار دۆلار زیانی بە ئابووریی عێراق گەیاندووە. کە لەدوای دەستپێکردنەوەی هەناردە لە کۆتاییەکانی 2025، حکومەتی هەرێم 19.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای "سۆمۆ" ناردووە، بەڵام دروستکردنی گرفت بۆ ناردنی مووچە لە ساڵی 2025 هەر بەردەوام بووە.
حکومەتی فیدراڵ بۆ هەریەك لە ساڵەکانی (2023 – 2024 - 2025)، مووچەی ساڵی بەتەواویی خەرج نەکردووە، ئەمەش بووەتە هۆی کەڵەکەبوونی شایستە داراییەکان بۆ چەندین مانگ.
لە بەرامبەردا، حکومەتی هەرێم پابەندبوونی دارایی نیشان داوە، بەشێوەیەک لە ساڵی 2025 بڕی 919 ملیار دیناری لە داهاتی نانەوتیی، ڕادەستی گەنجینەی فیدراڵی کردووە.