هەرێم نیوز
بانکی ناوەندیی عێراق بە فەرمی وەزارەتی دارایی ئاگادار کردەوە کە نرخی دۆلار بۆ بودجەی ساڵی 2026 وەک خۆی دەمێنێتەوە و هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نایەت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ی 1ی 2026، بانکی ناوەندیی عێراق نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی فەرمانگەی بودجە لە وەزارەتی دارایی کردووە، سەبارەت بە دیاریکردنی نرخی فەرمیی ئاڵوگۆڕ کە لە ڕەشنووسی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2026 کاری پێ دەکرێت.
بەگوێرەی نووسراوەکە، ئەو نرخەی بۆ ڕەشنووسی یاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2026 جێگیر دەکرێت، بریتی دەبێت لە 1300 دینار بەرامبەر بە یەک دۆلاری ئەمەریکی.
بانکی ناوەندی جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ئەم نرخە (1300 دینار) لە مانگی شوباتی 2023ـەوە جێگیر کراوە و وەک خۆی لە بودجەی ئەمساڵیشدا بەردەوام دەبێت.