دواین هەواڵ

ئابوری‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

ئاگادارییەک لە قایمقامیەتی چۆمانەوە؛ نەوتی سپی بەسەر هاوسەرە نوێیەکاندا دابەش دەکرێت

هەرێم نیوز

قایمقامیەتی قەزای چۆمان، ئاگادارییەکی بەپەلەی ئاراستەی ئەو هاووڵاتییانە کرد کە تازە هاوسەرگیرییان کردووە و ناویان لە لیستی وەرگرتنی نەوتدا هاتووە، تاوەکو بۆ وەرگرتنی بەشە نەوتەکەیان سەردانی شوێنی دیاریکراو بکەن.

بەپێی ڕاگەیەندراوی قایمقامیەت، ئەو هاووڵاتییانەی ناویان بڵاوکراوەتەوە، پێویستە ئەمڕۆ سێشەممە (١٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦)، سەردانی گۆڕەپانی نزیک بەنزینخانەی (ترامپ) لەسەر ڕێگای ناوپردان بکەن. دابەشکردنی نەوتەکە تاوەکو کاتژمێر ١٠ی شەو بەردەوام دەبێت و هەر کەسێک لە کاتی دیاریکراودا ئامادە نەبێت، مافی وەرگرتنی بەشە نەوتەکەی دەفەوتێت.

پێداویستییەکان و نرخ
بۆ وەرگرتنی نەوتەکە، هاووڵاتییان پێویستە ئەم پێداویستییانەیان پێ بێت:
• کۆپی کارتی نیشتمانیی سەرۆکی خێزان.
• بڕی ١٠٥ هەزار و ٥٠٠ دینار وەک نرخی یەک بەرمیل نەوت.

ئەم پڕۆسەیە لە کاتێکدایە کە کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت ڕایگەیاندووە، حکومەتی هەرێم ڕەزامەندی داوە نەوت بە "نرخی پاڵپشتیکراو" دابەش بکرێت. وەزیر ئاماژەی بەوەش دا کە هەرێم ساڵانە پێویستی بە ٢٦٧ ملیۆن لیتر نەوت هەیە، لە کاتێکدا بەغدا تەنیا ٥٠ ملیۆن لیتر دابین دەکات، بۆیە حکومەتی هەرێم خۆی بڕی کورتهێنانەکە پڕ دەکاتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP