دواین هەواڵ

ئابوری‌

 4 رۆژ پێش ئێستا

کۆمپانیای DNO دۆزینەوەی هەشت بیرە نەوتی نوێی لە هەرێم ڕاگەیاند

هەرێم نیوز

کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی ئاشکرای دەکات کە کۆی بەرهەمهێنانی نەوتیان لە هەرێمی کوردستان گەیاندووەتە ٥٠٠ ملیۆن بەرمیل و بۆ ساڵی ٢٠٢٦ـیش پلانی لێدانی هەشت بیری نوێیان هەیە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٥ی ١ی ٢٠٢٦، لە میانی کۆنفرانسێکدا لە شاری هەولێر، بێژەن موسەفەر ڕەحمانی، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای (DNO) ڕایگەیاند، سەرەڕای ئاڵنگارییە ئەمنییەکان و گوشارەکانی بەغدا، کۆمپانیاکە توانیویەتی ئاستی بەرهەمهێنان بەرز بکاتەوە و کۆی بەرهەمهێنانیان لە کێڵگەکانی هەرێم گەیاندووەتە ٥٠٠ ملیۆن بەرمیل.

ڕەحمانی ئاماژەی بەوەش داوە کە تەنیا لە مانگی ڕابردوودا ٥ ملیۆن بەرمیل نەوتیان بەرهەمهێناوە، ئەمەش وەک "گەواهیدەری پابەندبوونی قووڵی کۆمپانیاکە بە کارکردن لە هەرێمی کوردستان" وەسف کرد.

سەبارەت بە پلانی ساڵی ٢٠٢٦، کۆمپانیاکە بڕیاری داوە کارەکانی فراوانتر بکات لەڕێگەی لێدانی هەشت بیری نوێی نەوت لە کێڵگەکانی وەک تاوکێ و پێشخابوور، کە پێشبینی دەکرێت ببێتە هۆی زیادبوونی سەدان هەزار بەرمیل نەوتی دیکە بۆ بەرهەمی ڕۆژانە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP