هەرێم نیوز
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا مەرج و هێڵە سوورەکانی وڵاتەکەی بۆ قۆناغی نوێی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا ڕاگەیاند و جەختی کردەوە کە بەرنامەی مووشەکییان هێڵی سوورە.
عێراقچی بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند کە تاران ئامادە نییە پرسی مووشەکە بالیستییەکان بخاتە ناو کارنامەی گفتوگۆکانەوە. ئەو گوتی: "لە ڕابردوو و لە داهاتووشدا ناتوانین دانوستان لەسەر مووشەک بکەین، چونکە ئەوە پەیوەستە بە توانای بەرگریی ئێمەوە." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە تەنانەت بۆردومانەکان (ئاماژە بۆ هێرشەکەی مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٥) نەیانتوانیوە توانای پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران لەناو ببەن.
سەبارەت بە هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ و ئەگەری پەرەسەندنی سەربازی، عێراقچی پەیامێکی دڵنیایی بۆ وڵاتانی ناوچەکە نارد و گوتی:
• لە ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران، هێرش ناکەینە سەر وڵاتانی دراوسێ.
• "جیاوازی هەیە لە نێوان بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و خاک و سەروەریی وڵاتانی دراوسێ."
وەزیری دەرەوەی ئێران پشتڕاستی کردەوە کە دانوستانەکانی ڕۆژی هەینی لە عومان بە ناڕاستەوخۆ بەڕێوەچوون و تەنها پرسی ئەتۆمی و هەڵگرتنی سزاکانی گرتووەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە واشنتن بە ناردنی وەفدێک بە سەرۆکایەتی (جارێد کۆشنەر و ستیڤ ویتکۆف) و ئامادەبوونی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (براد کوپەر)، هەوڵی داوە پرسەکانی مووشەک و مافی مرۆڤیش بخاتە ناو گفتوگۆکان.