دواین هەواڵ

جیهان‌

 07/02/2026

سوپای ئێران: هەر جووڵەیەک دژی تاران لێکەوتەی ترسناکی بۆ تەواوی ناوچەکە دەبێت

هەرێم نیوز
هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی دانوستانە ئەتۆمییەکان لە عومان، جەنەڕاڵ عەبدولڕەحیم موسەوی، سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران، پەیامێکی توندی ئاراستەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کرد و هۆشداریی لە "زیانی قەرەبوو نەکراوە" دا.

جەنەڕاڵ موسەوی لە لێدوانێکدا کە ئاژانسی "فارس" بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاند: "هەر جووڵەیەک کە دوژمن دژی ئێران ئەنجامی بدات، تاجی شکستی دڵنیای لەسەر دادەنرێت." ئەو جەختی کردەوە کە هەر شەڕێک بەسەر ئێراندا بسەپێنرێت، تەنها لە سنووری ئێران نامێنێتەوە و "درێژدەبێتەوە بۆ ئەوەی تەواوی ناوچەکە بگرێتەوە."

سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران دڵنیایی دا کە هێزەکانیان لە بەرزترین ئاستی ئامادەییدان و گوتی:
• هێزی ئاسمانی بە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ سوپا و سوپای پاسداران ئامادەیە.
• وەڵامەکەمان بۆ هەر دەستدرێژییەک "یەکلاکەرەوە، خێرا و کاریگەر" دەبێت.
• زیانێکی قورس بە "پلاندانەران و لایەنگرانی" هەر هێرشێک دەگەیەنین.

موسەوی ئاماژەی بەوە کرد کە کۆماری ئیسلامی "هەرگیز شەڕ دەستپێناکات"، بەڵام هۆشداریشی دا کە بۆ چرکەیەکیش درێغی ناکەن لە بەرگریکردن لە ئاسایشی نەتەوەیی و یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکەیان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP