هەرێم نیوز
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر جەنگ ڕوو بدات هێرش ناکەنە سەر خاکی ئەمەریکا و وڵاتانی دراوسێ، بەڵکو "بنکەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە" دەکەنە ئامانج.
ئەمڕۆ شەممە 7ی 2ی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (جەزیرە) ڕایگەیاند: "ئەگەری جەنگ هەمیشە هەیە و ئێمە بۆ ڕێگریکردن لێی ئامادەین، بەڵام بۆ هەر دوو بژاردەی جەنگ و دیپلۆماسی، لە جاران زیاتر ئامادەین."
عێراقچی ئاشکرای کرد کە دوێنێ بە دانوستانکارە ئەمەریکییەکانی وتووە: "ئێوە دوو بژاردەتان لەبەردەمدایە: جەنگ یان دیپلۆماسی؛ هەڵبژاردەی ئێمە دیپلۆماسییە و هیوادارین ئێوەش ئەوە هەڵبژێرن."
سەبارەت بە شێوازی وەڵامدانەوەی تاران ئەگەر جەنگ هەڵبگیرسێت، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕوونی کردەوە: "ئەگەر ئەمەریکا هێرش بکات، ئێمە هێرش ناکەینە سەر خاکەکەی؛ بەڵکو وەڵامی بنکەکانی لە ناوچەکەدا دەدەینەوە."
لە کۆتاییدا دڵنیایی دایە وڵاتانی ناوچەکە و وتی: "ئێمە هێرش ناکەینە سەر وڵاتانی دراوسێ؛ تەنیا هێرش دەکەینە سەر بنکەکانی ئەمەریکا."