هەرێم نیوز
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە ١١ی شوباتی ٢٠٢٦، بڕیاری کۆتایی و یەکلاکەرەوەی لەسەر دۆسیەی پێناسی نوێی گومرگی دا و سەرجەم ئەو تانانەی ڕەتکردەوە کە دژ بە زیادکردنی باجەکان تۆمارکرابوون.
محەممەد خەفاجی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، دادگای فیدراڵی ئەو داوایەی ڕەتکردووەتەوە کە لەسەر بڕیاری ژمارە (٩٥٧) تایبەت بە زیادکردنی باجی گومرگی تۆمارکرابوو. دادگا لە هۆکاری ڕەتکردنەوەکەدا ئاماژەی بە "نەبوونی بەرژەوەندییەکی ڕەوا" لە سکاڵاکەدا کردووە، ئەمەش بەو مانایەیە کە بڕیارە نوێیەکەی حکومەت بۆ زیادکردنی باج وەک خۆی دەمێنێتەوە و دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم بڕیارە، ژمارەیەک لە شارەزایانی ئابووری هۆشداریی توند دەدەن لە دەرەنجامەکانی ئەم بڕیارە و پێیان وایە:
• بازاڕ: دەبێتە هۆی گرانبوونی کاڵا و پێداویستییە هاوردەکراوەکان.
• بازرگانی: ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەهۆی بەرزیی تێچووی گومرگەوە دادەبەزێت.
• بژێوی: بارگرانییەکی زیاتر دەخاتە سەر شانی هاووڵاتیان و چینە کەم دەرامەتەکان.
حکومەتی عێراق لە چوارچێوەی پلانی زیادکردنی داهاتی نانەوتی، بڕیاری دا باجی گومرگی لەسەر ژمارەیەک کاڵای هاوردەکراو زیاد بکات، بەڵام ئەم بڕیارە ناڕەزایەتی بەشێک لە پەرلەمانتاران و بازرگانانی لێکەوتەوە و پەنایان بۆ دادگای فیدراڵی برد، کە دواجار ئەمڕۆ دادگا کێشەکەی بە قازانجی حکومەت یەکلاکردەوە.