دواین هەواڵ

جیهان‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

گرۆسی: یۆرانیۆمی ئێران لەژێر داروپەردووی بۆردوومانەکە ماوە؛ "بەشی 12 بۆمب دەکات"

هەرێم نیوز

بەڕێوەبەری ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ڕایدەگەیەنێت، یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران لەژێر داروپەردووی بنکە بۆردوومانکراوەکان ماوەتەوە و "بەشی دروستکردنی 12 بۆمبی ئەتۆمی دەکات"، بەڵام تاران بە پاساوی سیاسی ڕێگە بە پشکنین نادات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی 2ی 2026، ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی (فاینانشڵ تایمز) ئاشکرای کرد: "بە نزیکەیی دڵنیاین و ئێرانییەکانیش هاوڕان کە یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە لەناو دامەزراوە ژێرزەمینییە بۆردوومانکراوەکان ماوە، بەڵام بە فەرمی پشتڕاستی ناکەنەوە."

گرۆسی هۆشداری دا و گوتی: "ئەو ماددەیە لەوێیە و بڕەکەی بەشی دروستکردنی چەندین، ڕەنگە 12 بۆمبی ئەتۆمی بکات؛ ئەمەش مەترسیی بڵاوبوونەوەی چەکی لێ دەکرێت تەنانەت ئەگەر لەژێر داروپەردووشدا بێت."

سەبارەت بە لێدوانەکەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران کە گوتبووی "پشکنەران دەتوانن بێن"، گرۆسی ڕوونی کردەوە: "ئێران دەیەوێت نیشانی بدات کە شەفافە، بەڵام لە واقیعدا ڕێگری لە پشکنەران دەکەن بچنە نێو سایتەکان بە پاساوی ئەوەی پڕۆتۆکۆلی تایبەت پێویستە، لەکاتێکدا هۆکارەکە بەس سیاسییە."

جێی باسە، دوای جەنگی 12 ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل و هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان، ئێران ڕایگەیاندبوو کە پێش هێرشەکان 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی بە ڕێژەی 60% پیتاندووە و ئێستا ڕۆژئاوا نیگەرانی چارەنووسی ئەو یۆرانیۆمەیە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP