دواین هەواڵ

جیهان‌

 22 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەمریکا شەش هەزار ئامێری ئینتەرنێتی ستارلینکی بە نهێنی بۆ ئێران ناردووە

هەرێم نیوز

رۆژنامەی واڵ ستریت جورناڵ لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە ئاشکرای کرد کە ئیدارەی دۆناڵد ترامپ، دوای سەرکوتکردنی توندی خۆپیشاندانەکان و بڕینی بەردەوامی ئینتەرنێت لە ئێران، بە شێوەیەکی نهێنی نزیکەی شەش هەزار ئامێری وەرگری ئینتەرنێتی سەتەلایتی "ستارلینک"ی بۆ ناو خاکی ئەو وڵاتە ناردووە.

ئەم هەنگاوە بە ئامانجی هاوکاریکردنی چالاکوانانی ئۆپۆزسیۆن بووە بۆ تێپەڕاندنی سانسۆر و بڕینی ئینتەرنێت لە لایەن حکومەتی ئێرانەوە، کە وەک بەشێک لە بەرنامەکانی واشنتۆن بۆ پشتگیریکردنی ئازادیی ئینتەرنێت ئەژمار دەکرێت.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە مانگەکانی رابردوودا ئەم کەلوپەلانەی کڕیوە و زۆربەی ئامێرەکانیش لە مانگی کانوونی دووەمی رابردوودا دابین کراون.

بودجەی ئەم پڕۆژەیە لەو پارەیەیە تەرخان کراوە کە بۆ بەرنامەکانی ئازادیی گەیشتن بە زانیاری و ئینتەرنێت دیاری کراوە، ئەمەش یەکەمجارە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی راستەوخۆ ئامێرەکانی کۆمپانیای ستارلینک رەوانەی ناوخۆی ئێران بکات.

سەبارەت بە ئاگاداریی سەرۆکایەتی ئەمریکا، بەرپرسە ئاگادارەکان رایانگەیاندووە کە دۆناڵد ترامپ لەم کارە ئاگادار بووە، بەڵام هێشتا بە تەواوەتی روون نییە کە ئایا خودی سەرۆک یان بەرپرسێکی تری باڵا بە شێوەیەکی فەرمی و راستەوخۆ فەرمانی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆسەیەی دەرکردووە.

ئەم هەوڵە وەک وەڵامێکی کردەیی واشنتۆن دەبینرێت بۆ رێگریکردن لە دابڕانی چالاکوانان و خەڵکی ئێران لە جیهانی دەرەوە لە کاتی ئاڵۆزییە ناوخۆییەکاندا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP