هەرێم نیوز
بەڵگەنامە نوێیەکانی هێزی ئاسمانی ئەمریکا ئاشکرای دەکەن کە پنتاگۆن دەستی کردووە بە پڕۆسەی دووبارە پڕکردنەوەی کۆگاکانی لە بۆمبی زەبەلاحی سەنگەرشکێنی جۆری (GBU-57) ناسراو بە (MOP)، کە هاوینی ڕابردوو لە هێرش بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بەکارهێنران.
بەپێی ئەم بەڵگەنامانە، هێزی ئاسمانی ئەمریکا خەریکی کۆتاییهێنانە بە گرێبەستێکی ١٠٠ ملیۆن دۆلاری لەگەڵ کۆمپانیای بۆینگ بۆ جێگرتنەوەی ئەو بۆمبانەی لە ئۆپەراسیۆنی "چەکوشی نیوەشەو" لە حوزەیرانی ٢٠٢٥ دژی بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ و نەتەنز بەکارهاتبوون.
لەو ئۆپەراسیۆنەدا، فڕۆکە جەنگییە جۆری (B-2) کە سیستەمی خۆشاردنەوەیان لە ڕادار هەیە، کۆی گشتی ١٤ بۆمبی سەنگەرشکێنیان ئاراستەی ئەو دوو بنکەیە کرد، کە ئەمە یەکەمین بەکارهێنانی کردەیی ئەو چەکە ١٣ تۆنییە بوو لە مێژووی سەربازیی ئەمریکادا.
هێزی ئاسمانی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە دوای تەواوبوونی ئەم کڕینانە، بەرهەمهێنانی ئەم نەوەیەی بۆمبی سەنگەرشکێن کۆتایی دێت و تەرکیزی داهاتوو دەخرێتە سەر پەرەپێدانی نەوەیەکی نوێ، ئەمەش نیشان دەدات کە لێدانی ئامانجە قووڵەکانی ژێر زەوی هێشتا لە ئەولەویەتی پلانە سەربازییەکانی ئەمریکادایە.