هەرێم نیوز
ئەمڕۆ دووشەممە ١٦ی ٢ی ٢٠٢٦، ئەحمەد موسەوی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی سادقون لە پەرلەمانی عێراق وتی: ئەمریکا پەیامێکی نوێی ئاراستەی بەرپرسانی عێراق کردووە و تێیدا هەڕەشەی سەپاندنی سزای کردووە ئەگەر نوری مالیكی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کاندید بکرێت.
ئەحمەد موسەوی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "العهد" ئاماژەی بەوە کرد: واشنتن هەڕەشەی کردووە ئەگەر پێداگری لەسەر کاندیدکردنی مالیكی بکرێت، ئەوا سزا بەسەر بانکی ناوەندی، کۆمپانیای سۆمۆ، وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی بەرگریی عێراقدا دەسەپێنێت.
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی سادقون وتیشی: بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، نوری مالیكی لەم یەک دوو ڕۆژەدا لە کاندیدبوونی پاشەکشە دەکات و ڕێککەوتن لەسەر کەسێکی دیکە دەکرێت. ئامانج لەم هەنگاوەش ڕێکخستنی دانیشتنی پەرلەمانە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و ڕاسپاردنی کاندیدی نوێی سەرۆک وەزیران. هەروەها جەختی کردەوە کە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە کۆبوونەوەی بەردەوامدان بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە.