هەرێم نیوز
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماڵی هومام حەمودی کۆببێتەوە بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران، ئەمەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڤیتۆی خستە سەر کاندیدکردنی نوری مالیکی و هۆشداریی توندی داوەتە بەغدا.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٦ی ٢ی ٢٠٢٦، کەناڵی (وەن نیوز) بڵاویکردەوە: چوارچێوەی هەماهەنگی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا تاوتوێی دۆخی ئیداری و سیاسیی عێراق دەکەن، بەڵام تەوەرەی سەرەکیی سەر مێزی گفتوگۆکانیان فشارەکانی ئەمریکایە.
واشنتن بە ڕوونی بە لایەنە عێراقییەکانی ڕاگەیاندووە کە نابێت میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە حکومەتی داهاتوودا بەشدار بن.
هاوکات، بابەتی کاندیدکردنی نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران بووەتە خاڵی جێی ناکۆکی، چونکە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێداگرە لەسەر ئەوەی نابێت مالیکی جارێکی دیکە ئەو پۆستە وەربگرێتەوە. پێشبینی دەکرێت لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ماڵی هومام حەمودی، لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بژاردەی نوێ بخەنە ڕوو و کاندیدێکی دیکە بۆ جێگرتنەوەی مالیکی دیاری بکەن تاوەکو لە سزاکانی ئەمریکا بەدوور بن.