هەرێم نیوز
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بڕیاری ژمارە ٣٢١١ لە ڕێککەوتی ١٦ی شوباتی ٢٠٢٦ وەرگرتنی ١٦٥ قوتابی خوێندنی ئیسلامی لە زانکۆکانی کوردستان ڕاگەیاند کە ئەمەش وەک چارەسەرێکی کۆتایی بۆ کێشەی وەرگرتنی ئەو قوتابیانە دێت.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان وەزیرانی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و خوێندنی باڵا و پەروەردە و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و بەرپرسی نووسینگەی سەرۆک وەزیران بەڕێوەچوو بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێگای گونجاو بۆ وەرگرتنی دەرچووانی قوتابخانە ئیسلامییەکان.
دکتۆر پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی ئاماژەی بەوە کرد کە دوای هەڵسەنگاندنی گشتی بۆ کێشەکە بڕیاردرا بە وەرگرتنی ئەو قوتابیانەی سەر بە قوتابخانەکانی وەزارەتی ئەوقافن و دەستخۆشی لە سەرۆکی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بۆ گەیشتن بەم ئەنجامە و هیوای سەرکەوتنی بۆ قوتابیان خواست.