هەرێم نیوز
سوپای ئەمریکا پڕۆسەی گواستنەوەی 12 فڕۆکەی جەنگی پێشکەوتووی لە جۆری F-22 لە بەریتانیاوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێکردووە.
ئەم هەنگاوە نوێیەی واشنتۆن وەک ئامادەکارییەک دەبینرێت بۆ هەر ئەگەرێکی سەربازی کە دۆناڵد ترەمپ دژی ئێران بیگرێتە بەر.
ئەم فڕۆکە ڕادارپۆشانە پێشتر لە بنکەی ئاسمانی لیکنهێسی ئینگلتەرا جێگیر کرابوون، بەڵام ئێستا لەگەڵ چەندین فڕۆکەی سووتەمەنیدەر لە جۆری KC-46 بەرەو ناوچەکە بەڕێکەوتوون.
جگە لەم فڕۆکە پێشکەوتووانە، چەندین فڕۆکەی تری جەنگی لە جۆرەکانی F-35 و F-15 و F-16 لە ئاسمانی ناوچەکەدا بینراون.
چاودێرە سەربازییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ناوەڕاستی مانگی 2وە، جموجۆڵێکی بێوێنەی فڕۆکە بارهەڵگرەکان و تانکەرە سووتەمەنییەکان لە ناوچەکەدا تۆمار کراوە.
ئەم کۆکردنەوە گەورەیەی هێز هاوکاتە لەگەڵ فشارە توندەکانی کۆشکی سپی بۆ سەر تاران، تاوەکو ناچاری بکەن بچێتە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ ڕێککەوتنێکی نوێ.