دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

حکومەتی هەرێم داوای پشکی 14.1٪ دەکات؛ "لێخۆشبوونی سزای هاتوچۆ درێژ کرایەوە"

هەرێم نیوز

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوا لە بەغدا دەکات بەپێی ئەنجامی سەرژمێری بەشەبودجەی هەرێم بنێرێت، هاوکات بڕیاری لێخۆشبوونی سزای هاتوچۆشی درێژ کردەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی شوباتی 2026، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و دۆخی دارایی و خەرجکردنی مووچەی شوباتی تاوتوێ کرد.

ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە پێویستە بەغدا بەپێی ڕێژەی 14.1ی سەرژمێریی گشتی بەشەبودجەی هەرێم بنێرێت، چونکە هەولێر سەرجەم پابەندییە نەوتی و داراییەکانی جێبەجێ کردووە.

هەروەها ڕوونیان کردەوە کە لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوە بێ کەموکوڕی نێردراون، بۆیە دەبێت ناردنی 120 ملیار دینارەکەی شوبات لەپێشینە بێت بۆ ئەوەی پاساوێک بۆ دواخستنی مووچە نەمێنێت.

لە تەوەرێکی دیکەدا، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە ڕاپۆرتێکی لەسەر یەکخستنەوەی هێزەکان خستەڕوو، ئەنجوومەنی وەزیرانیش هەنگاوەکەی بە مێژوویی وەسف کرد و لایەنەکانی بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپارد.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، پێشنیازێکی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ پەسەند کرا و بڕیاری لێخۆشبوونی سەدا 20ی سزاکانی هاتوچۆ بۆ شەش مانگی دیکە، واتە تاوەکو 30ی حوزەیرانی 2026 درێژ کرایەوە.

دەقی راگەیەنراوی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان :

ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات نەک تەنیا مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم بەڵکوو بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بەپێی ڕێژەی 14.1ی سەرژمێريی گشتیی دانیشتووانی عێراق بنێرێت

* ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی پێشمەرگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی ڕاسپارد بە گوێرەی کۆنووسی هاوبەشی پەسەندکراو، کاری پێویست لەبارەی هەنگاوەکانی ئەم دواییەی جێبەجێکردنی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و ڕێکخستنەوەی سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگە لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجام بدەن .

* ڕێژەی 20% لێخۆشبوونی سزاکانی سەرپێچیی ئۆتۆمبيل، بۆ شەش مانگی دیکە درێژ کرایەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی شوباتی 2026، بەسەرپەرشتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، دوا هەڵوێستی بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و خەرجکردنی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێم و بەدواداچوونی دەرەنجامی دوا کۆبوونەوەی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێم سەبارەت بە پابەندیی دارایی هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێم بەرامبەر یەکتر، لەلایەن ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامانی دیکەی شاندی دانوستانکار خرایە ڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ نەک تەنیا مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم، بەڵکوو بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بودجەی گشتیی فیدراڵ بە پێی ڕێژەی 14.1ی سەرژمێری گشتیی دانیشتووانی عێراق بنێرێت، بە تایبەتیش کە هەرێمی کوردستان پابەندیی نەوتیی و دارایی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کردووە و لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەش لە لایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمەوە بێ کەموکوڕی ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کراوە، سەبارەت بە پابەندیی ناردنی 120 ملیار دینار بۆ مانگی شوباتیش، ئەنجومەنی وەزیران جەختیکردەوە لەسەر ئەولەویەتدان بە ناردنی ئەم پارەیە پێش هەر خەرجییەکی دیکە تاوەکوو هیچ پاساوێک بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نەمێنێتەوە بۆ دواخستنی خەرجکردنی مووچەی مانگی شوبات و مانگەکانی دیکەش.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان لەسەر ئەم بڕگەیە، دەرئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی لە بەغدا لە ڕۆژی 2026/2/23 خرایەڕوو سەبارەت با پابەندییە داراییەکانی هەردوو حکومەت و هەموو ئەو بەڵگە و بنەما دەستووریی و قانونی و داراییانەش ڕوونکرانەوە کە پاڵپشتیی شایستە داراییەکانی هەرێم دەکەن.

لە بڕگەی دووەمدا، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری کاروباری پێشمەرگە ، ڕاپۆرتێکی خستەڕوو دەربارەی هەنگاوەکانی ئەم دواییەی جێبەجێکردنی چاکسازییەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و ڕێکخستنەوەی سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگە لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە و پوختەی کۆنووسی واژۆکراوی هاوبەشی لایەنە پەیوەندیدارەکان سەبارەت بە دەستنیشانکردنی تایبەتمەندیی و ئەرک و دەسەڵاتەکانی دەڤەرەکان.

ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە سەرۆکایەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە و لیژنە هاوبەشەکان، ئەم هەنگاوەی بە گرنگ و مێژوویی وەسف کرد لە ڕووی ڕێکخستنەوەی سەرجەم هێزەکان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و دەستنیشانکردنی دەسەڵاتی فەرماندەیی دەڤەرەکان و پەیکەربەندیی نوێی هێزەکانی پێشمەرگە، لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران سوپاسی هاوبەشە نێوەدەوڵەتییەکانی کرد کە هاوکار و پاڵپشتی پرۆسەکەیان کرد. ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی ڕاسپارد بە گوێرەی کۆنووسی هاوبەشی پەسەندکراو، کاری پێویست ئەنجام بدەن.

لە بڕگەی سێیەم و کۆتاییدا، ئەنجومەنی وەزیران گفتوکۆی لە بارەی پێشنیارێکی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ کرد تایبەت بە درێژکردنەوەی ماوەی کارکردن بە بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە لێخۆشبوونی ڕێژەی 20% لە سزاکانی سەرپێچی هاتووچۆ بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە واتا تاکوو 2026/6/30 .
ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارەکەی پەسەند کرد و ڕێژەی لێخۆشبوونی سزاکانی سەرپێچییەکانی هاتووچۆ، بۆ شەش مانگی دیکە درێژ کرایەوە.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP