نما ناوپردانی
جەستە کۆتاییهێنانە بە ژیان بەڵام شکاندنی ئیرادە داگیرکردنی ژیانە.
لە مێژووی ململانێکاندا، جەستە هەمیشە وەک ئامانجێکی ساکار بینراوە، جەستە دەکرێت بکوژرێت، زیندانی بکرێت یان ئەشکەنجە بدرێت، بەڵام فەلسەفەی ڕاستەقینەی هێز پێمان دەڵێت کە جەستە تەنیا بۆدیە، ئیرادە ناوکەکەیە! کاتێک (سون تزو )دەڵێت باشترین سەرکەوتن ئەوەیە بەبێ جەنگ بەرانبەر کۆڵ بدات، مەبەستی گۆڕینی هاوکێشەکەیە لە تێکشکاندنی فیزیکی بۆ تەسلیمکردنی دەرونی.
شکاندنی ئیرادە لە ڕێگەی توندوتیژییەوە دروست نابێت، چونکە توندوتیژی زۆرجار ئیرادە بەهێزتر دەکات.وەک چۆن ئاسن لەژێر چەکوشدا دەبێتە پۆڵا! بەڵکو ئەم پرۆسەیە لە ڕێگەی شەڕی نەبینراوەوە دەکرێت.
لە زانستی فەلسەفەو بڕوای فەیلەسوفان، شکاندنی ئیرادە لەسەر ئەو بنەمایە کار دەکات کە مرۆڤ یان نەتەوەکان تەنیا ئەو کاتە دەدۆڕێن کە باوەڕی بە سەرکەوتن نامێنێت.
جەستە کۆتاییهێنانە بە ژیان بەڵام شکاندنی ئیرادە داگیرکردنی ژیانە!!
کاتێک تۆ دوژمنەکەت دەکوژیت، تەنیا مەترسییەک دەسڕیتەوە، بەڵام کاتێک ئیرادەی دەشکێنیت، تۆ ئەو دوژمنە دەگۆڕیت بۆ پاشکۆیەکی بێدەنگ.
ئەمە جەوهەری شەڕی تایبەتە گۆڕینی ناسنامەی بەرانبەر بە شێوەیەک کە خۆی بخاتە خزمەت ئەجێنداکانی تۆوە، بێ ئەوەی هەست بکات کە داگیر کراوە.
جەستەیەک کە ئیرادەی تێدابێت، لەناو زیندانیشدا ئازادە و لە کاتی زامداربوندا، هەر دەجەنگێت. بەڵام کاتێک ئیرادە دەشکێت، جەستە دەبێتە بارستەیەک لە گۆشت و ئێسک کە توانای جوڵەی نامێنێت، تەنانەت ئەگەر نوێترین چەکیشی بەدەستەوە بێت. لێرەدا سەرکەوتن لە کایەی ماددە وە دەگوازرێتەوە بۆ کایەی مانا.