هەرێم نیوز
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە بڕی زیاتر لە 274 ملیار دینار بۆ تەمویلی مووچەی مانگی شوبات گەیشتووەتە هەولێر.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی ئاداری 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم ڕاگەیەندراوێکی گرنگی لەسەر پرسی مووچە بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە بڕی 274 ملیار و 962 ملیۆن دینار بە چوار گوژمە، خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکەیان.
ئەم بڕە پارەیە تایبەتە بە مووچەی مانگی شوباتی خانەنشینان، سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی، فەرمانبەرانی گرێبەست و زیندانییانی سیاسی.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە پارەکە ڕاستەوخۆ خراوەتە سەر هەژماریان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
پێشبینی دەکرێت ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوام، تەواوی تەمویلی مووچەی فەرمانبەران بخرێتە سەر هەژمارەکەیان.
لە کۆتاییشدا دڵنیایی داوە کە هەرکاتێک تەواوی پارەکە گەیشت، ڕاستەوخۆ خشتەی مووچە ڕادەگەیەنرێت و دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.