دواین هەواڵ

جیهان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

ترەمپ جەنگی دژی ئێران ڕاگەیاند؛ فەرمانی هێرشی بەرفراوان بۆ سەر ناوخۆی وڵاتەکە دەرکرا

هەرێم نیوز

ئەمڕۆ شەممە، ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پەیامێکی ڤیدیۆیی کتوپڕدا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی گەورە و بەرفراوانی بۆ سەر ناوخۆی خاکی ئێران ڕاگەیاند. ترەمپ جەختی کردەوە کە هێزەکانیان دەستیان کردووە بە لێدانی ئامانجە ستراتیژییەکان بە مەبەستی لەناوبردنی ئەو هەڕەشانەی ڕژێمی تاران بۆ سەر گەلی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دروستی کردوون.

سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند: "ئێمە توانا موشەکییەکانی ئێران بەتەواوی لەناو دەبەین و ناهێڵین هیچ موشەکێکی نوێ دروست بکەن؛ هەروەها بە هەموو شێوەیەک ڕێگری دەکەین لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی." ئاماژەی بەوەش دا کە چالاکییە هەڕەشەئامێزەکانی تاران گەیشتوونەتە ئاستێک کە مەترسی ڕاستەوخۆیان لەسەر هێزەکانی ئەمریکا لە دەرەوە و تەنانەت ناوخۆی خاکی ئەمریکاش دروست کردووە.

ترەمپ لە بەشێکی تری قسەکانیدا هێرشی توندی کردە سەر سیستەمی فەرمانڕەوایی ئێران و بە "گرووپێکی خراپەکار و دڵڕەق" وەسفی کردن کە لە ماوەی ٤٧ ساڵی ڕابردوودا تەنها خەریکی کوشتنی گەلی خۆیان و دروشمی مەرگ بۆ ئەمریکا بوون. گوتیشی: "بە تەواوی کەشتیگەلی دەریایی ئێران خاپوور دەکەین و دڵنیایی دەدەین کە گرووپە تیرۆریستییەکانی سەر بە تاران چیتر نەتوانن سەقامگیریی جیهان تێک بدەن."

ئەم بڕیارە مێژووییەی کۆشکی سپی دوای زنجیرەیەک گرژیی چەکداری دێت لە ناوچەکەدا. ترەمپ هۆشداریی دا کە ئەگەر ئێستا ڕێگری لە پەرەپێدانی موشەکە مەودا درێژەکانی ئێران نەکرێت، بەم زووانە دەگەنە ناو خاکی ئەمریکا، بۆیە بژاردەی سەربازی تاکە ڕێگەیە بۆ کۆتاییهێنان بەم مەترسییانە.

گرنگترین بڕیارەکان لە پەیامەکەی ترەمپدا:
• لەناوبردنی تەواوی ژێرخانی موشەکیی ئێران.
• خاپوورکردنی کەشتیگەلی دەریایی ئێران لە ناوچەکە.
• ڕێگریی توند لە گەیشتن بە چەکی ئەتۆمی.
• لێدانی سەرجەم ئەو گرووپە چەکدارانەی سەر بە ئێرانن و هێرش دەکەنە سەر ئەمریکا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP