نووسینی: قاسم محسن شەفیق ئەلخەزعەلی و زەین ئەلعابدین ئەلعەوادی
پێداچوونەوەى: د. هۆشیار موزەفەر عەلی ئەمین(گرووپی بەڕێوەبردنی تەنگژەکان)
وەرگێڕانى: هەرێم نیوز
"داوا لە هەمووان دەکەم ئاوڕ لە برایەتی، تەبایی و خۆشەویستی بدەنەوە. دەبێت هەمووان ئارام ببنەوە، دەبێت هەموومان یەکتریمان خۆشبوێت."
نێچیرڤان بارزانی، لە پەیامێکی نەورۆزیدا...
(1)
نێچیرڤان بارزانی لەو کاتەوەی پێی ناوەتە کایەی سیاسییەوە، وەک سەرکردەیەکی کوردیی کلاسیک دەرنەکەوتووە کە تەنیا بیەوێت پرسی نەتەوەیی لە سنوورە مێژووییە تەسکەکانیدا بناسێنێت، بەڵکو ئامادەیی سیاسیی ئەو لە ڕێگەی ڕەوتێکی ئاڵۆزترەوە شێوەی گرت کە پەیوەست بوو بە ئەزموونی عێراقی نوێ. ئەو لە ناو ژینگەیەکی عێراقی-کوردییدا گەورە بووە کە یادەوەرییەکی درێژی خەباتی هەڵگرتووە، لە هەمان کاتدا بەشێکی ڕەسەن بووە لە پێکهاتە و وەرچەرخانەکانی عێراقدا. ئەمەش لە گوتاری سیاسیی دواتریدا ڕەنگی داوەتەوە و ئاراستەی بەرەو داڕشتنی پەیوەندییەکی عێراقی-عێراقی لە نێوان ناسنامەی کوردی و ئینتیمای نیشتمانیی عێراقیدا هەنگاوی ناوە.
ئەم پێکهاتەیە لە سەردەمانێکی زووەوە ڕەهەندێکی گەورەى بە کەسایەتیی ئەو بەخشییوە؛ ئەو ڕەسەنایەتییەی ئەو نوێنەرایەتیەی دەکات تەنیا لە درێژکراوەی بنەماڵەیی لە ناو بزووتنەوەی کوردی (بارزانییەکان و پارتی)دا کورت نەبووەتەوە، بەڵکو لە تێگەیشتنێکی قووڵدا بووە بۆ ئاڵۆزییەکانی کۆمەڵگەی هەمەچەشنەی عێراق.
ئەو مامەڵەی لەگەڵ کوردستاندا دەکرد وەک یەکێک لە ڕەگ و ڕیشە مێژووییەکانی عێراق، نەک وەک جیاکارییەکی جوگرافی؛ بۆیە هەوڵی نەدا هەرێم وەک قەوارەیەکی جوداخواز لە دەرەوەی دەوڵەت بناسێنێت، بەڵکو وەک مۆدێلێکی حوکمڕانی کە توانای گێڕانەوەی هاوسەنگیی لە ناو دەوڵەتدا هەبێت. ئەم تێڕوانینەش وردە وردە بووە مایەی پەسەندکردنی زیاتری لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا.
دوای ساڵی ٢٠٠٣ و لەگەڵ چوونە ناو قۆناغی دووبارە داڕشتنەوەی سیاسی لە عێراق، پێویستی بە کەسایەتییەک دروست بوو کە بتوانێت بە زمانی "دەوڵەتمەداریی" نەک زمانی "ململانێ" لەگەڵ جیهان بدوێت.
لێرەوە نێچیرڤان بارزانی لە هەموو پۆستەکانیدا دەستی کردووە بە بونیادنانی شێوازێکی جیاواز لە سەرکردایەتی؛ سەرنجی خستە سەر چەسپاندنی سەقامگیریی دامەزراوەیی لە هەرێمی کوردستان، هاوتەریب لەگەڵ پاراستنی پەیوەندییەکی پراکتیکی لەگەڵ بەغداد. ئەو درکی بەوە کردبوو کە ئاییندەی کورد لە ڕێگەی دابڕانەوە نایەتەدی، بەڵکو لە ڕێگەی هاوبەشییەکی ئاڵۆزەوە دەبێت کە پێویستی بە ئارامیی سیاسی و توانای گفتوگۆی درێژخایەن هەیە. ئەمەش لە شێوازی کارکردنیدا ڕەنگی دایەوە کە بە هێمنی و دوورکەوتنەوە لە گرژی ناسرابوو، تەنانەت لە هەستیارترین قۆناغەکانی ئاڵۆزیشدا، کە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقیش پێشوازییان لەمە کرد.
لەگەڵ کەڵەکەبوونی ئەزموونی جێبەجێکردن، ستراتیژییەکەی وردە وردە گۆڕا بۆ ناوچەیەکی ڕاکێشانی سیاسیی، دیپلۆماسیی، فکریی، ستراتیژیی و ئابووریی. ئەم گۆڕانکارییە ئەنجامی هەڵمەتی ڕاگەیاندن نەبوو، بەڵکو بەرهەمی سیاسەتێکی بوو کە سەقامگیریی عێراق و کوردستانی وەک بەهایەکی سیاسیی سەربەخۆ پێشکەش دەکرد. جیهانێک کە لە ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ماندوو ببوو، دەستی کرد بە ئاراستەکردنى کوردستان وەک ناوچەیەک کە دەکرێت متمانەی پێ بکرێت. لێرەدا و لە ناو شیکردنەوەکەماندا، ناوی نێچیرڤان بارزانی دەبینینەوە کە بە بیرۆکەی "بەڕێوەبردنی واقیعییانەی تەنگژەکان" بە کردارەوە بەستوەتەوە، نەک بە دروشم و گوتار.
نێچیرڤان زوو لەوە تێگەیشت کە ناساندنی کوردی عێراق بە جیهان، لە ڕێگەی گۆڕینی وێنە زەینییەکەی کوردەوە دەبێت لە هۆشیاریی نێودەوڵەتیدا. لە جیاتی وێنەی شەڕکەرێکی بەتواناى پەیوەست بە شەڕی چیاکانەوە، هەستا بە: "پێشکەشکردنی نموونەی بەرپرسێکی حکومی کە توانای بەڕێوەبردنی ئابووریی، ڕاکێشانی وەبەرهێنان و پاراستنی فرەچەشنیی ئایینی و نەتەوەیی فراوانی هەیە."
ئەم وەرچەرخانە پێویستی بە ساڵانێک کاری دیپلۆماسیی هێمن هەبوو، کە تێیدا شێوازی نێچیرڤان پشتی بە پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پایتەختە بڕیاربەدەستەکان دەبەست؛ عێراق و هەرێمیشی وەک "هاوبەش لە سەقامگیریی ناوچەیی" دەناساند، نەک وەک دۆسێیەکی مرۆیی کە پێویستی بە هاوکاریی نێودەوڵەتی بێت. ئەو لەم کارەیدا عێراق و کوردستانی لە ناساندن و قسەکردن لەسەریاندا کۆدەکردەوە.
ئەم ڕێچکەیە بە ڕوونی لە مامەڵەکردنی لەگەڵ تەنگژەکانی دەوروبەری عێراقدا دەرکەوت؛ بۆ نموونە لەگەڵ هەڵکشانی ئاڵۆزییەکان لە سووریا دوای کەوتنی (بەشار ئەسەد) و زیادبوونی گرژییەکانی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە). جوڵەکانی ئەو بەرەو ئەوە بوون ڕێگری بکات لە خلیسکانی ناوچە کوردییەکان بۆ ناو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی فراوان، ئەمەش لەو باوەڕە مێژووییەوە سەرچاوەی دەگرت کە شەڕ لە ناو کۆمەڵگە هەمەچەشن و فرە نەتەوەکاندا شوێنەواری درێژخایەن جێدەهێڵێت کە لە سنوورە جوگرافییەکان تێدەپەڕێت. بۆیە لە ڕێگەی کەناڵە سیاسیی، دیپلۆماسیی و نێودەوڵەتییە جیاوازەکانەوە کاری کرد بۆ هاندانی گفتوگۆ و ڕێکخستنی کێشمەکێشە سەربازییەکان، و پاراستنی سەقامگیریی مەدەنی خستە سەروو هەموو بەرژەوەندییەکانی دیکەوە.