هەرێم نیوز
لە تەلئەبیب هەڵسەنگاندنە ئەمنییەکان ڕوو لە هەڵکشانن و باس لە ئەگەری داڕمانی ڕێڕەوی دیپلۆماسی و وەشاندنی گورزێکی ئەمریکی بۆ سەر ئێران دەکەن. ئەمەش لە نێوەندی مەترسییەکی پەرەسندووی ئیسرائیلدا دێت سەبارەت بە فراوانبوونی بازنەی ڕووبەڕووبوونەوە لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی تر تێوەگلانی حیزبوڵڵا لە هەر شەڕێکی داهاتوودا.
بەگوێرهی ئەو هەڵسەنگاندنانەی لە نێوەندە ئەمنییەکانی ئیسرائیلدا باسیان لێوەدەکرێت و ڕۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت" گواستوویەتییەوە، حیزبوڵڵا کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشداریی لە "شەڕی ١٢ ڕۆژە"دا نەکردووە، لەو کاتەوە خەریکی نۆژەنکردنەوەی تواناکانی خۆیەتی لە ڕووی سەربازیی و ڕێکخراوەییەوە. ئەمانە پێیان وایە ئەگەری چوونە ناو ڕووبەڕووبوونەوەی حیزبوڵڵا لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕێکی سەرتاسەریدا زۆر بەرز بووەتەوە، ئەمەش بەهۆی پەیوەستبوونی بەو میحوەرە ناوچەییەی کە ئێران سەرکردایەتی دەکات.
سەرچاوە ئیسرائیلییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە حیزبوڵڵا لە نێوان دوو بژاردەدایە، یەکەم چاوەڕوانی و کۆکردنەوەی هێز و دووەم تێوەگلان لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی بەرفراوان بۆ پشتیوانیی لێدان لە تاراندا ماوەتەوە؛ سیناریۆیەک کە تەلئەبیب بە "زۆر نیگەرانکەر" وەسفی دەکات و لە هەموو ئاستەکاندا خۆی بۆ ئامادە دەکات.
ئامادەکارییە مەیدانییەکان و هێرشەکان
لە چوارچێوەی ئامادەکارییە مەیدانییەکاندا، سوپای ئیسرائیل ئەنجامدانی هێرشی بۆ سەر هەشت شوێن لە ناوچەی بەعلبەک لە ڕۆژهەڵاتی لوبنان ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو شوێنانە سەر بە "هێزی ڕیزوان"ی حیزبوڵڵان. لە بەرامبەردا، سەرچاوە لوبنانییەکان باسیان لەوە کردووە کە نزیکەی ٢٥ هێرشی ئاسمانی لە دەوروبەری بەعلبەک ئەنجامدراون و بوونەتە هۆی کوژرانی کەسێکی سڤیلی بەرەگەز سووری و زیانی ماددی زۆر لەناوچەکە.
ئیسرائیل ئەم هێرشانە وەک هەوڵێک بۆ ڕێگریکردن لە دووبارە جێگیربوونەوەی حیزبوڵڵا یان پەرەپێدانی تواناکانی دەبینێت، لە کاتێکدا لە لوبنان وەک بەشێک لە سیاسەتی فشارە سەربازییە بەردەوامەکان سەیر دەکرێت.
هاوکێشەی کاردانەوە و هەماهەنگی لەگەڵ واشنتۆن
لە ئیسرائیل ئەو بڕوایە باڵادەستە کە هەر هێرشێکی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، بە وەڵامدانەوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی ئێران ڕووبەڕوو دەبێتەوە کە ڕەنگە ئیسرائیل بکاتە ئامانج. هەروەها تەلئەبیب ئەگەری جوڵەی لایەنە ناوچەییەکانی دیکەیشی لەبەرچاو گرتووە، لەوانە گرووپی حوسییەکان لە یەمەن کە پێشتر لە کاتی پەرەسەندنەکانی ڕابردوودا موشەکیان ئاراستەی ئیسرائیل کردووە.
لەم چوارچێوەیەدا، هەماهەنگی سەربازیی ئەمریکا-ئیسرائیل ڕوو لە زیادبوونە؛ بە جۆرێک گەیشتنی فڕۆکەی جەنگی پێشکەوتووی ئەمریکی لە جۆری F-22 بۆ بنکەکانی ناوچەکە تۆمارکراوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئامادەکارییە هاوبەشەکان بۆ هەر پێشهاتێکی مەیدانی.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە لێدوانەکانی پێشوویدا جەختی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل "دەستپێشخەری شەڕ ناکات"، بەڵام ئەگەر هێرشی بکرێتە سەر "بە هێزێکی بێ وێنە وەڵام دەداتەوە".
لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک ڕاپۆرتی میدیایی، لەوانە ماڵپەڕی "پۆلیتیکۆ"، باسیان لە گفتوگۆی ناوەندەکانی ئەمریکا کردووە سەبارەت بە ڕۆڵی ئیسرائیل لە هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ئەگەر لەگەڵ ئێراندا، کە تەلئەبیب ڕەتیدەکاتەوە بە ڕەسمی لێدوانی لەسەر بدات.
دەرەنجام
چاودێران دەڵێن داتا و زانیارییە هەنووکەییەکان گوزارشت لە حاڵەتێکی چاوەڕوانیی پڕ لە نیگەرانی دەکەن لە ئیسرائیلدا، بەتایبەت سەبارەت بە بەرەی باکوور؛ چونکە هەڵوێستی حیزبوڵڵا وەک هەستیارترین فاکتەر لە هاوکێشەی ڕێگریکردن و پەرەسەندنی گرژییەکاندا دەمێنێتەوە.
لە کاتێکدا گفتوگۆکان لە جنێف بەردەوامن، وادیارە ناوچەکە لەبەردەم دووڕیانێکدایە: یان کۆنترۆڵکردنی گرژییەکان یان خلیسکان بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی فراوانتر کە لە ئێرانەوە تا لوبنان، فەلەستین و یەمەنیش دەگرێتەوە.
سەرچاوە: یەدیعۆت ئەحرۆنۆت