دواین هەواڵ

کوردستان‌

 21 کاتژمێر پێش ئێستا

مەسرور بارزانی بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای بۆ پاراستنی بەرهەمی مریشکی ناوخۆیی دەرکرد

هەرێم نیوز
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە بە بڕیاری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی تایبەت لە لایەنە پەیوەندیدارەکان پێکهێنراوە بە مەبەستی پشتیوانیکردن و دابینکردنی سەلامەتی بۆ بەرهەمی ناوخۆیی مریشک و بڕیاریشە ئەم لیژنەیە بە زووترین کات دەست بە کارەکانیان بکەن بۆ ئەوەی لەپێناو پاراستنی تەندروستی هاووڵاتییان و پاراستنی ڕەنجی جووتیاران بە وردی لێکۆڵینەوە لە دۆخەکە بکەن چونکە لێدان لە بەرهەمی ناوخۆیی بە هیچ شێوەیەک جێگەی قبوڵ نییە.

هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش کردووە کە سەرۆکوەزیران جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی تەواوی بەرهەمە ناوخۆییەکان دەکات و لە هەمان کاتدا پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتییان و ئاسایشی ئابووری بە ئەرکی لەپێشینەی حکوومەت دەزانێت و چاوپۆشی لە هیچ جۆرە سەرپێچییەک ناکرێت کە زیان بە ناوبانگی بەرهەمی کوردی یان تەندروستی گشتی بگەیەنێت.

ئەم هەنگاوەی سەرۆکی حکوومەت لە کاتێکدایە کە کارنامەی کابینەی نۆیەم جەخت لەسەر هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و برەودان بە کەرتی کشتوکاڵ و پەلەوەر دەکات تاوەکو هەرێمی کوردستان بگاتە ئاستی خۆبژێوی و بتوانێت بەرهەمەکانی ڕەوانەی بازاڕەکانی دەرەوەش بکات و ئەم لیژنەیەش کار دەکات بۆ بڕینی ڕێگرییەکان و چەسپاندنی ستانداردە جیهانییەکان لە بەرهەمهێنانی گۆشتی مریشکدا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP