دواین هەواڵ

کوردستان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

سوپای پاسداران هێرشی موشەکیی کردە سەر بنکەیەکی ئەمریکا لە هەولێر؛ سیستمی بەرگری هێرشەکەی تێکشکاند

هەرێم نیوز

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦، سوپای پاسدارانی ئێران لە وەڵامێکی خێرادا هێرشێکی موشەکیی کردە سەر بنکەیەکی هێزەکانی ئەمریکا لە شاری هەولێر.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، هێرشەکە لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە لە ئاسمانی شارەکەدا پوچەڵ کراوەتەوە و موشەکەکان پێش گەیشتن بە ئامانج تێکشکێنراون.

ئەم هێرشە ڕاستەوخۆ دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق دێت. عێراقچی لەو پەیوەندییەدا بە ڕاشکاوی ڕایگەیاندبوو کە وڵاتەکەی وەک "مافی بەرگریکردن لە خۆی" بەردەوام دەبێت لە بەئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، بەڵام جەختی کردبووەوە کە ئامانجیان تەنها شوێنە سەربازییەکانە و وڵاتانی دراوسێ ناکەنە ئامانج.

دۆخی ئەمنی لە ناوچەکە دوای ئەوە تەقییەوە کە ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی "هێرشی پێشوەختە"ی بۆ سەر ئێران دەستپێکردووە و باری نائاسایی لە سەرتاسەری ئیسرائیل ڕاگەیاندووە. ئێستا هەولێر و شارە گەورەکانی ناوچەکە کەوتوونەتە نێوان ئاگری هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و وەڵامدانەوە موشەکییەکانی سوپای پاسداران، ئەمەش ترسی لای هاووڵاتییان دروست کردووە و زەنگی ئاگادارکردنەوە لە چەند شوێنێک بیستراوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP