دواین هەواڵ

جیهان‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: هێرش بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد

هەرێم نیوز

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە سوپای وڵاتەکەی "هێرشێکی پێشوەختە"ی (حملە پیشگیرانە) دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەنجامداوە، ئەم لێدوانە فەرمییە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار.

هاوکات لەگەڵ ئەم ڕاگەیاندنە، شایەتحاڵەکان بە ئاژانسی هەواڵی "ئەسۆشێتد پرێس"یان ڕاگەیاندووە کە دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە تاران بیستراوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ دەستپێکردنی کردەوەیەکی سەربازیی ڕاستەوخۆ لەناو خاکی ئێراندا لێکدەدرێتەوە.

به‌گوێره‌ى سه‌رچاوه‌كانى هه‌واڵ، لەسەرتاسەری ئیسرائیل باری نائاسایی ڕاگەیەندراوە؛ خوێندنگەکان داخراون‌و گردبونەوەی جەماوەریش قەدەغەکراوە.

سه‌باره‌ت به‌هەڵوێستی ئەمریکا، واشنتۆن ڕایگەیاندوە، ئاگاداری هێرشەکەیە، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختیکردوه‌ته‌وه‌، ئەمە بڕیارێکی تاكلایەنەی ئیسرائیل بوەو هێزەکانی ئەمریکا ڕاستەوخۆ بەشدارییان تێدانەکردوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP