دواین هەواڵ

کوردستان‌

 15 کاتژمێر پێش ئێستا

بارزانی لە ساڵیادی ١١ی ئاداردا: ڕێککەوتننامەکە حکومەتی عێراقی ناچار کرد دان بە مافەکانماندا بنێت

هەرێم نیوز

بارزانی، بەبۆنەی تێپەڕبوونی ٥٦ ساڵ بەسەر ڕێککەوتننامەی مێژوویی ١١ی ئاداری ١٩٧٠، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لەوە کردەوە کە ئەو دەستکەوتە بەرهەمی خۆڕاگریی پێشمەرگە و سەرجەم چین و توێژەکانی کوردستان بووە.

بارزانی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ڕێککەوتننامەی ١١ی ئادار بەرهەمی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر، کە توانی حکومەتی ئەوکاتی عێراق ناچار بکات بۆ یەکەمجار بە فەرمی دان بە بەشێک لە مافەکانی گەلی کوردستاندا بنێت.

بارزانی ڕایگەیاند:"ئەمە بەرهەمی ئەو خەباتە پتەو و سەرتاسەرییە بوو کە لە پێناو گەڕاندنەوەی مافەکانی گەلی کوردستان و بەدیهێنانی دیموکراسی لە عێراقدا دەستی پێکرد."

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆک بارزانی وێڕای دەربڕینی پێزانین بۆ ماندووبوونی پێشمەرگە و تێکۆشەرانی شۆڕشی ئەیلوول، جەختی لە چەند خاڵێکی سەرەکی کردەوە:

• پاراستنی دەستکەوتەکان: وەک ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی.
• پەیامی ئاشتیخوازی: بەردەوامبوونی گەلی کوردستان لەسەر ڕێبازی ئاشتی و پێکەوەژیان.

• سڵاو بۆ شەهیدان: ناردنی دروود و سڵاو بۆ ڕوحی پاکی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و تەواوی شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی کوردستان.

ڕێککەوتننامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠، بە یەکێک لە گرنگترین دۆکیۆمێنتە سیاسییەکانی مێژووی هاوچەرخی کورد دادەنرێت، کە تێیدا بۆ یەکەمجار دەسەڵاتی ناوەندی لە بەغدا دانی بە ئۆتۆنۆمی و مافە نەتەوەییەکانی کورددا نا، ئەمەش دوای ساڵانێکی زۆر لە خەباتی چەکداری و سیاسیی شۆڕشی ئەیلوول.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP