دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 5 رۆژ پێش ئێستا

گەڕاندنەوەی سیستم بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسایش بۆ گەلان و ئاشتی بۆ جیهان

نووسەر: وو یافی، چاودێری کاروباری نێودەوڵەتی

لە ئێستادا، بارودۆخی ناوچەی کەنداو گرژییەکی توند بەخۆیەوە دەبینێت و جارێکی دیکە ئاگری شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پڕ لە پشێوی هەڵگیرساوەتەوە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، لە کاتی پرۆسەی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکادا و بەبێ مۆڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، هێرشی ئەنقەستیان کردە سەر ئێران، کە بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.

 

جێگەی داجە و پەژارەیە کە زیاتر لە ١٦٠ کچە خوێندکار لە یەکێک لە قوتابخانە سەرەتاییەکانی ئێراندا لە ژێر بۆردومانەکاندا گیانیان لەدەستدا.

 

لەگەڵ خێرا فراوانبوونی بازنەی شەڕەکە، هەورە ڕەشەکانی جەنگ بەسەر تەواوی ناوچەکەدا باڵیان کێشاوە؛ بە جۆرێک گیان و ماڵی گەلانی وڵاتانی کەنداو ڕووبەڕووی هەڕەشەی جددی بوونەتەوە، فڕۆکەخانە و دامەزراوە مەدەنییەکانی دیکە کراونەتە ئامانج و وڵاتان ناچار بوون بەرهەمهێنانی نەوت و گاز کەم بکەنەوە.

 

هەروەها ئەم دۆخە مەترسیدارە ڕێڕەوە دەریاییە گرنگەکانیشی گرتووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ناجێگیرییەکی توند لە نرخەکانی وزە لە جیهاندا و تەحەددییەکی گەورەی بۆ سەقامگیری زنجیرە نێودەوڵەتییەکانی بەرهەمهێنان و دابینکردن دروست کردووە. ڕەفتارە هەژموونگەراییەکان و بەکارهێنانی سەرەڕۆیانەی هێز، ناوچەکە بەرەو قووڵایی ململانێیەکی گشتگیر دەبەن و سیستم و یاسا نێودەوڵەتییە لاوازەکان دەدەنە دەست با.

ئەم شەڕە نەدەبوو ڕووبدات، چونکە هیچ سوودێکی بۆ هیچ لایەنێک نییە و لە کۆتاییدا تەنها گەلانی ناوچەکە زیانمەندی یەکەم دەبن. هەرچەندە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەندین جار ئەوەی بە هەمووان فێربووە کە هێز چارەسەری کێشەکان نییە و ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی تەنها ڕق و کینەی نوێ بەرهەم دەهێنێت، بەڵام هێشتا کەسانێک هەن کوێرانە بڕوایان بەوە هەیە کە "هێز مافە"؛ ئەوان وا دەزانن دەتوانن بە پشت بەستن بە توانای سەربازی "سەرکەوتنی هەمیشەیی" بەدەست بهێنن، بێ ئاگا لەوەی هێزی مشتە کۆڵە یەکسان نییە بە هێزی ماف، و هێزی ڕاستەقینە لەسەر بنەمای دادپەروەری بونیاد دەنرێت.

 

سووربوون لەسەر چەسپاندنی ئاسایش تەنها بۆ یەک لایەن و هەوڵدان بۆ ئاسایشی ڕەها لەسەر حیسابی بەرتەسککردنەوەی مەودای ئاسایشی دەوڵەتانی دیکە، بێگومان دەبێتە هۆی تێکچوونی هاوسەنگی و هەڵگیرسانی ململانێ لە ناوچەکەدا.

دووبارەبوونەوەی تراجیدیای شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وا لە خەڵک دەکات بپرسن: ئەگەر دەوڵەتە زلهێزەکان بەردەوام بن لە سەرکێشی بە هێز و ڕەفتاری سەرەڕۆیانە و هێرش بکەنە سەر وڵاتانی دیکە تەنها لەبەر باڵادەستی سەربازییان، ئەی چۆن دەتوانرێت شکۆی یاسا نێودەوڵەتییەکان بپارێزرێت؟ چۆن سەروەری دەوڵەتان دەپارێزرێت؟ سەلامەتی گەلان چۆن مسۆگەر دەکرێت؟ ئایا سیستمی نێودەوڵەتی هەر بە پێوە دەمێنێت؟ یان جیهان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی "یاسای دارستان" کە تێیدا بەهێزەکان لاوازەکان دەخۆن؟

لە ناو جەرگەی قەیران و پشێوییەکاندا، چین وەک دەوڵەتێکی زلهێز بەرپرسیارێتی خۆی نیشان دەدات و پێگەیەکی بێلایەن و دادپەروەرانەی گرتووەتە بەر، کار دەکات بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ڕێگریگرتن لە شەڕ. "وانگ یی"، ئەندامی مەکتەبی سیاسی کۆمیتەی ناوەندی پارتی کۆمۆنیستی چین و وەزیری دەرەوە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە پەراوێزی دوو خولی ساڵانەی کۆبوونەوەکاندا، هەڵوێستی چینی سەبارەت بە بارودۆخی ئێستا ڕوون کردەوە.

 

ناوبراو پەیوەندی تەلەفۆنی چڕی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئێران، ئیسرائیل و تەواوی دەوڵەتانی عەرەبی کەنداو ئەنجامدا و سێ خاڵی سەرەکی وەک هەڵوێستی وڵاتەکەی خستە ڕوو: ڕاگرتنی دەستبەجێی کارە سەربازییەکان، گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ و دانوستان لە زووترین کاتدا، و هەوڵدانی هاوبەش بۆ دژایەتیکردنی ڕەفتارە تاکلایەنەکان.

 

هەروەها جەختی لە پێنج بنەمای سەرەکی کردەوە کە بریتین لە: ڕێزگرتن لە سەروەری دەوڵەتان، دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی سەرەڕۆیانەی هێز، دەستێوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی، چارەسەرکردنی سیاسییانەی کێشە گەرمەکان، و گێڕانی ڕۆڵێکی بونیادنەر لەلایەن دەوڵەتە زلهێزەکانەوە. وەزیری دەرەوە ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەنقەستبوونی ئەمریکا و ئیسرائیل لە هەڵگیرسانی ئەم شەڕە، بە ئاشکرا پێشێلکردنی ئامانج و بنەماکانی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە.

لەم نێوەندەدا، بەکارهێنانی هێز بەبێ جیاکاری لە ژێر هەر ناو و پاساوێکدا بێت وەرگیراو نییە، و هەر کارێک کە مەدەنییەکان و ئامانجە نەسەربازییەکان بکاتە نیشانە، دەبێت سەرکۆنە بکرێت، هەروەها پێویستە سەلامەتی ڕێڕەوە دەریاییەکان بپارێزرێت. ڕێک لەم ساتەدا، نێردەی تایبەتی حکومەتی چین بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرقاڵی گەشتێکی دیپلۆماسییە لە ناوچەی کەنداو و ڕووبەڕوو لەگەڵ وڵاتان ئاڵوگۆڕی بیروڕا دەکات، بە ئامانجی وەستانەوە لەلایەن دادپەروەری و هێنانەدی ئاشتی و ڕاگرتنی شەڕ.

چین هەمیشە وەک بونیادنەری ئاشتی، برەوپێدەری سەقامگیری و بەشداربووی گەشەپێدان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ماوەتەوە. بە بەراورد لەگەڵ ئەوەی هەندێک دەوڵەت تەنها دووکەڵی شەڕ، ململانێی جیۆپۆلیتیکی، هەژموونگەری و چەوسانەوەیان بۆ ناوچەکە هێناوە، چین داوای دادپەروەری، یەکسانی، گفتوگۆ و هاوکاری دەکات، ئەمەش وای کردووە لە لایەن وڵاتانی ناوچەکەوە جێگەی پێزانین بێت.

 

ئێستا کە شەڕ هێشتا بەردەوامە، چین دەستبەرداری ئومێدی ئاشتی نابێت و بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ هەموو ئەو وڵاتانەی کە هاوڕان، بۆ چەسپاندنی چەمکی "کۆمەڵگەی پاشەڕۆژی هاوبەشی مرۆڤایەتی" و ئاسایشی گشتگیر و بەردەوام، تا لە زووترین کاتدا ئاگربەست بەدی بێت و سیستم و ئاسایش بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاشتی بۆ جیهان بگەڕێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP