دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

دوورگەی خارگ؛ بۆچی ئەمریکا و ئیسرائیل تا ئێستا شادەماری نەوتی ئێرانیان نەکردووەتە ئامانج؟

هەرێم نیوز

سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ٢٨ی شوباتەوە سەدان پێگەیان لە ناوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆردومان کردووە، بەڵام تا ئێستا دوورگەی خارگیان وەک ئامانجێکی ڕاستەوخۆ پاراستووە.

ئیسرائیل چەند ڕۆژ لەمەوبەر پاڵاوگە و کۆگاکانی نەوتی تاران و دەوروبەری پێکاوە کە بووەتە هۆی بڕانی کارەبا و بەرزبوونەوەی دووکەڵی چڕ، بەڵام هێشتا ژێرخانی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوت لە خارگ پارێزراوە.

دوورگەی خارگ شادەماری ئابووریی کۆماری ئیسلامی ئێرانە و لە ڕێگەی بۆرییەوە بە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای وڵاتەوە بەستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی "جی پی مۆرگان"، ڕۆژانە بڕی ١.٣ بۆ ١.٦ ملیۆن بەرمیل نەوت لەم دوورگەیەوە هەناردە دەکرێت و جگە لەوەش نزیکەی ١٨ ملیۆن بەرمیل نەوتی دیکە لە کۆگاکانی ئەو دوورگەیەدا پاشکەوت کراوە.

بەپێی ڕۆژنامەی "گاردیان"، هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر ئەم دوورگەیە دەبێتە هۆی وەستانی یەکجاریی هەناردەی نەوتی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەرزبوونەوەی بێپێشینەی نرخی وزە لە بازاڕەکانی جیهاندا.

هەندێک سەرچاوە لە کۆشکی سپی باس لە بژاردەی دەستبەسەرداگرتنی دوورگەکە دەکەن لەبری بۆردومانکردنی، بەڵام ڕاوێژکارانی پێنتاگۆن هۆشداری دەدەن کە ئەم هەنگاوە پێویستی بە هێزێکی سەربازیی گەورە و درێژخایەن هەیە و بازاڕەکانی جیهان تووشی شڵەژان دەکات.

لە لایەکی دیکەوە، ستراتیژیی ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێران دروستکردنی شۆکێکی ئابوورییە بۆ ناچارکردنی دۆناڵد تڕەمپ بە پاشەکشە.

ئیبراهیم زولفەقاری، وتەبێژی بارەگای خاتەم ئەلئەنبیا ڕایگەیاندووە کە دەبێت جیهان چاوەڕوانی نەوتی ٢٠٠ دۆلاری بکات.

هاوکات موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران، جەختی لەسەر بەردەوامی داخستنی گەرووی هورمز کردووەتەوە وەک کارتێکی فشار دژی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP