هەرێم نیوز
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە گوتارێکدا لە میانی ئێوارەخوانێکی بەربانگ لە شاری ئەستەنبوڵ، هۆشداریی توندی دا لەو پیلانانەی کە ئامانجیان تێوەگلانی وڵاتەکەیەتی لە ململانێ سەربازییەکانی ناوچەکە.
ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە کە ئەنقەرە بە وردی چاودێریی بارودۆخەکە دەکات و ڕایگەیاند:
• دوورکەوتنەوە لە شەڕ: "دوورخستنەوەی وڵاتەکەمان لەو چاڵی ئاگرە لە پێشینەی کارەکانمانە، بە وریاییەکی زۆرەوە بەرامبەر ئەو تەڵە و گێچەڵانە دەوەستینەوە کە دەیانەوێت تورکیا ڕابکێشنە ناو شەڕ."
• پاراستنی ئاسمان: سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بە ڕووداوەکەی شەوی ڕابردوو کرد و وتی: "ڕێوشوێنی پێویست دەگرینەبەر بەرامبەر هەر هەڕەشەیەک کە ئاسمانی وڵاتەکەمان پێشێل بکات."
سەرۆک کۆماری تورکیا هاوکات لەگەڵ هێرشە بەردەوامەکانی سەر ئێران، هۆشداریی دا لە دروستکردنی کێشەی ناوخۆیی و وتی: "پێویستە زۆر وریابین لەو گێچەڵە تائیفی و ڕەگەزییانەی کە هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی سەر ئێران گەورە دەکرێن."
ئەردۆغان هێرشی توندی کردە سەر هەڵوێستی وڵاتانی ڕۆژئاوا بەرامبەر بە ڕووداوەکانی ناوچەکە و ئیسرائیل:
• پشتیوانی لە جینۆساید: "هەندێک وڵات چاوپۆشییان لە جینۆساید کردووە و هەندێکی تریش وەک ئیسرائیل پشتیوانیی ئەنجامدەرانی دەکەن."
• مانەوە لەگەڵ مەزڵومان: "تا لە ژیاندا بم لەگەڵ ستەملێکراوان دەوەستم و ملکەچی هیچ فشارێک نابین."
سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆتایی پەیامەکەیدا دووپاتی کردەوە کە تەنها بە یەکگرتوویی دەتوانن ئەو "دەستە دەرەکییانە" بشکێنن کە دەست بۆ سەربەخۆیی و داهاتووی تورکیا درێژ دەکەن.