هەرێم نیوز
لە پێشهاتێکی سەربازیی کتوپڕ و مەترسیداردا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا قۆناغی کۆنترۆڵکردنی فیزیکیی گەرووی هورمزی دەستپێکرد. پێنتاگۆن بڕیاریدا هێزە بژاردەکانی "مارینز" لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیاوە بۆ جەرگەی ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگوازێتەوە.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسانی پێنتاگۆنەوە ئاشکرای کردووە، کە پیت هیگسێسی وەزیری جەنگ، ڕەزامەندی لەسەر داوایەکی فەرماندەیی ناوەندی (سێنتکۆم) دەربڕیوە بۆ ڕەوانەکردنی هێزی زیاتر:
• کەشتیی تریپۆلی: کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس تریپۆلی" بنکەکەی لە ژاپۆن بەجێهێشتووە و بەرەو ناوچەی گەرووی هورمز بەڕێکەوتووە.
• هێزی مارینز: گروپێکی دەریایی-زەمینی کە لە ٥ هەزار سەربازی مارینز پێکدێت، ئەرکی کۆنترۆڵکردنی خاڵ بە خاڵی گەرووەکەیان پێسپێردراوە.
ستراتیژیی نوێی ئەمریکا تەنها چاودێریکردنی ئاسمان نییە، بەڵکو دابەزینی وشکانییە بۆ سەر ئەو دوورگە ستراتیژییانەی کە ئێران وەک بنکەی موشەکی و درۆن بەکاریان دەهێنێت:
• ئامانجەکان: دوورگەکانی (ئەبو موسا، تونبی گەورە و تونبی بچووک).
• بێدەنگکردنی سەرچاوەی هەڕەشەکان: ئەمریکا دەیەوێت بە دابەزاندنی هێز لەم دوورگانە، سیستەمە بەرگرییەکانی ئێران لەناو جەرگەی گەرووەکەدا پەکبخات و ڕێڕەوی نەوتی جیهانی بکاتەوە.
هاوکات، بەرپرسێکی بەرگریی ئەمریکا بە کەناڵی جەزیرەی ڕاگەیاندووە کە هێزێکی دیکەی مارینز لە "ئۆکیناوا"ی ژاپۆنەوە بەرەو ناوچەکە جوڵێندراون:
• قەبارەی هێزەکە: ٢٥٠٠ سەربازی دیکە بە کەشتیی جەنگییەوە.
• توانای ئۆپەراسیۆن: ئەم هێزە پسپۆڕن لە "دابەزینی دەریایی" و گواستنەوەی هاووڵاتییان لە کاتی قەیرانی چەکداریدا.
لەو کاتەوەی ئێران گەرووی هورمزی داخستووە، نزیکەی ٢٠٪ بۆ ٣٠٪ی نەوتی جیهان پەکیکەوتووە. ئەم هەنگاوە سەربازییەی ئەمریکا وەک وەڵامێکی یەکلاکەرەوە دەبینرێت بۆ کۆتاییهێنان بە گەمارۆی ئێرانی و گەڕاندنەوەی هێمنی بۆ گرنگترین ڕێڕەوی دەریایی لە جیهاندا.