دواین هەواڵ

کوردستان‌

 17 کاتژمێر پێش ئێستا

مەسرور بارزانی و تۆم بەڕاک هێرشەکانی سەر هەرێم و بەغدا سەرکۆنە دەکەن

هەرێم نیوز

مەسرور بارزانی لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ سووریا، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکەن کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، هاوکات تاوتوێی دۆخی گشتیی ناوچەکەش دەکەن.

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 14ـی 3ـی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن باڵیۆز تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ سووریا و باڵیۆزی ئەمریکا لە وڵاتی تورکیا پێگەیشت و تێیدا چەندین پرسی هەستیاری ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

لە میانی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، هەردوولا بە وردی گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان و پێشهاتەکانی عێراق و دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە کرد، بەتایبەتی لەم قۆناغە هەستیارەدا کە ئاڵۆزییەکان لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوویان لە زیادبوون کردووە.

تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوان مەسرور بارزانی و تۆم بەڕاک تایبەت بوو بە دۆخی ئەمنی، کە تێیدا هەردوولا بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو هێرشە یەک لەدوای یەکانەیان کرد کە دەکرێنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان و هەروەها ئەو پەلامارانەش کە دەکرێنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە شاری بەغدا.

لە کۆتایی پەیوەندییەکەیاندا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و نێردە تایبەتەکەی ئەمریکا جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە لەپێناو هەماهەنگیی زیاتر و ئاڵوگۆڕکردنی زانیارییەکان سەبارەت بە پێشهاتەکان، هەمیشە لە پەیوەندیی بەردەوامدا بن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP