دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی سێ لە قۆناغی کۆتاییدایە و ڕەوانەی بەغدا دەکرێت

هەرێم نیوز

ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی سێی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی سیستەمی پەیرۆڵەوە لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە و دوای پەسەندکردنی لەلایەن گەنجینەکانەوە لە هەولێر و سلێمانی، بە مەبەستی خەرجکردنی پارەکە ڕەوانەی بەغدا دەکرێت.

پرۆسەی ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی سێی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە و هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی لە ڕێگەی سیستەمی ئەلیکترۆنیی پەیرۆڵەوە کارەکانیان بەرەو تەواوبوون دەبەن، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی وەزارەتی داراییەوە ئاراستەی بەغدا بکرێت.

سەبارەت بە بەرەوپێشچوونی کارەکان لە پارێزگای هەولێر، فێنك حەسیب، بەرپرسی بایۆمەتریی هەولێر و سەرپەرشتیاری ئامادەكردنی لیستی مووچە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد کە لیستی مووچەی مانگی سێ لە ڕێگەی سیستەمی پەیرۆڵەوە بە تەواوی ئامادە كراوە و لە گەنجینەكانیشەوە پەسەند كراوە، بە جۆرێک 329 یەكەی ژمێریاری لە هەولێر لیستیان ئامادە كردووە و کارەکانیان پەسەند کراوە، هەروەها دڵنیاییشی دا کە ئەو ئەركەی لەسەر شانی ئەوان بووە بۆ ئامادەكردنی لیستی ئەم مانگە بە تەواوی کۆتایی هاتووە.

هاوکات لە پارێزگای سلێمانیش، یادگار جەبار، بەرپرسی بایۆمەتریی سلێمانی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کە لیستی مووچەی مانگی سێ لە ڕێگەی سیستەمی پەیرۆڵەوە لە دوایین قۆناغەکانی کارکردندایە و تەنیا چەند فەرمانگەیەكی کەمی سلێمانی ماون کە ئەوانیش لە ئێستادا کارەکانیان تەواو دەكەن، پاشانیش ئەو فەرمانگانە لیستەکانیان بۆ گەنجینە دەنێرن تاوەکو پەسەند بکرێت و ئەگەری زۆریش هەیە کە بۆ سبەینێ دووشەممە تەواوی کارەکان بە کۆتا بگەن و ئامادە بێت.

لە بەشێکی دیکەی زانیارییەکاندا جەخت لەوە کراوەتەوە کە لە ڕۆژی 9ـی ئازاری ئەمساڵەوە لیست لە سیستەمی پەیرۆڵدا چالاك كراوە بۆ ئەوەی هاوشێوەی مانگەكانی پێشوو، لیستی مووچەی فەرمانبەران لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستانەوە بە شێوەیەکی ڕێکخراو بۆ بەغدا ڕەوانە بكرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژە بەوە کراوە کە هێشتا بڕیاری کۆتایی نەدراوە کە لیستی مووچەی كەسوكاری شەهیدان و كەمئەندامانیش لە ڕێگەی سیستەمی پەیرۆڵەوە ئامادە بكرێت، لە کاتێکدا ئەوەی تەنیا لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا بۆ سیستەمەكە زیاد بووە بریتی بووە لە لیستی مووچەی توێژی خانەنشینان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP