دواین هەواڵ

کوردستان‌

 14 کاتژمێر پێش ئێستا

سودانی: لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی هەولێر دەکەین

هەرێم نیوز

محەممەد شیاع سودانی لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، هۆشداری لە فراوانبوونی جەنگی ناوچەکە دەدات و وێڕای سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی سەر حەشدی شەعبی، هاوسۆزیی خۆیشی بۆ قوربانییە فەرەنسییەکانی هێرشەکەی هەولێر دەردەبڕێت.

ئەمڕۆ شەممە 14ـی 3ـی 2026، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە کە محەممەد شیاع سودانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساوە پێگەیشتووە و تێیدا بە وردی باسیان لە دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و ئەو هەوڵانە کردووە کە بۆ ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دوای هێرشکردنە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستیان پێکردووە.

لە میانی پەیوەندییەکەدا سودانی ئاماژەی بەوە کردووە کە عێراق هەموو هەوڵێکی خۆی بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و کۆتاییهێنان بەو شەڕە دەدات کە لە ئێستادا زۆر فراوانتر بووە و مەترسییەکی گەورەی لەسەر سەقامگیری و ئاسایشی درێژخایەنی ناوچەکە دروست کردووە، هاوکات سەرکۆنەکردنی عێراقیشی دووپات کردەوە بۆ ئەو هێرشە ئاشکرایەی کرایە سەر سەروەریی وڵاتەکەی کە لە ئەنجامدا ژمارەیەک لە ئەندامانی هێزەکانی حەشدی شەعبی شەهید بوون، و جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم هێرشە تەنیا بە ئامانجی تێکدانی دۆخەکە و لەباربردنی ئەو ئاشتییە کۆمەڵایەتییە بووە کە لە سایەی قوربانیدانی عێراقییەکانەوە لە شەڕی دژی تیرۆردا بەدەست هاتووە.

سەبارەت بە پێشهاتە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانیش، سەرۆکوەزیرانی عێراق هاوسۆزیی قووڵی خۆی بۆ ئەو قوربانییە فەرەنسیانە دەربڕی کە لە چوارچێوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە پارێزگای هەولێر جێگیر کرابوون و لە هێرشێکدا کرانە ئامانج، هەروەها دڵنیاییشی دا کە لێکۆڵینەوەی ورد لە ڕووداوەکە بەردەوامە و تەواوی ڕێوشوێنە پێویستەکان دەگیرێنەبەر بۆ ئەوەی ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە هێرشانە بکرێت.

لە بەرامبەریشدا، ئیمانوێل ماکرۆن پشتیوانیی تەواوی وڵاتەکەی بۆ سەرجەم ئەو هەوڵە ناوچەیی و نێودەوڵەتییانە دووپات کردەوە کە ئامانج لێیان کۆتاییهێنانە بە شەڕ و ڕێگریکردنە لە تێکچوونی زیاتری دۆخی ئەمنی، هەروەها بە گرنگییەوە تیشکی خستە سەر ڕۆڵی سەرەکیی عێراق لە ئاسانکاریکردن بۆ ئەم لێکتێگەیشتنانە کە کاریگەرییەکی ئەرێنیی گەورەی لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە دەبێت، و ئاماژەی بە پێویستیی بەردەوامیی هەماهەنگیی دوولایەنەی نێوانیان کرد لەم ڕووەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP